رۆژی 2011/04/26 بەڕێز دکتۆر عەلی سندی، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی کرد لە بەڕێز (پاولۆ لیمبۆ) بەڕێوەبەری نووسینگەی (UNDP) لە عێراق، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئامادەکارییەکان بۆ کۆنفراسی لاوان کە بڕیارە لە هەولێر ببەسترێت لە سەرەتای مانگی داهاتوودا. ئامانجی ئەم کۆنفرانسە گەیاندنی دەنگی لاوانە بە حکومەت لەڕێگای گفتوگۆیەکی کراوەوە. لە کۆنفرانسەکەدا لاوان باس لە کێشە و خولیاکانی خۆیان دەکەن و وەزیرە ئامادەبووەکانیش باس لە پرۆژە و پلانەکانیان دەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشە سەرەکییەکانی لاوان.

لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، بەڕێز پاولۆ لیمبۆ پێشنیاری کرد کە (UNDP) و وەزارەتی پلاندانان پرۆژەیەکی هاوبەش گەڵاڵە بکەن بۆ هەڵسەنگاندنی پێداویستییەکانی ژێرخانی کەرتی پیشەسازی. ئامانج لەم هەڵسەنگاندنە دەستنیشانکردنی بەربەستەرکانی بەردەمی وەبەرهێنانە لە بواری پیشەسازیدا، چونکە زۆرێک لە وەبەرهێنەران نەبوونی پرۆژەکانی ژێرخان بە ڕێگر دەزانن بۆ وەبەرهێنانی درێژخایەن لە کەرتی پیشەسازی و پیشەسازی کوشتوکاڵدا.
وەزیری پلاندانان ئاماژەی بە هەڵسەنگاندێكی هاوشێوەی کابینەی پێنجەمدا کە دەکرێت بکرێتە بنەما بۆ ئەم هەڵسەنگاندنە گرنگە، هەوەها وتی دەرئەنجامەکانی ئەم هەڵسەنگاندنە یارمەتیدەر دەبن بۆ دیاریکردنی پرۆژەکانی داهاتووی حکومەت بەشێوەیەک کە هانی وەبەرهێنانی ناوخۆ و بیانی بدەن لە کەرتی پیشەسازیدا.