
له‌ڕێكه‌وتی 10/6/2015، دكتۆر على سندى، وه‌زیرى پلاندانانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له دكتۆر عومه‌ر ئه‌لكنده‌رى، قونسوڵى گشتى وو‌ڵاتى كوێت له هه‌ولێر و خالد جاسم، كارگێڕى به وه‌كاله‌ت له باڵوێزخانه‌ى كوێت له عیراق، وشاندێكى راگه‌یاندنى كوێتى كرد.
سه‌ره‌تا وه‌زیرى پلاندانان پیرۆزبایى و ستایشى خۆى ئاڕاسته‌ى شانده‌كه كرد به بۆنه‌وه‌ى كردنه‌وه‌ى نووسینگه‌ى وو‌ڵاتى كوێت له هه‌ولێر كه ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكه به‌ره‌و پته‌وكردنى په‌یوه‌ندیه‌كانى نێوان حكومه‌ت و گه‌لى هه‌رێمى كوردستان و كوێت. له‌لایه‌ن خۆیه‌وه كونسوڵى گشتى كوێت رۆڵى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى به‌رزنرخاند له به‌دیهێنانى پێشكه‌وتنێكى به‌رچاو له ماوه‌یه‌كى كورتدا.و هیواى خواست ئه‌م سه‌ردانه ببێته هه‌وێنى هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى دوولایانه له بوارى جۆراوجۆردا به تایبه‌تى وه‌به‌رهێنان. دواتر باس له هه‌لومه‌رجى ناوچه‌كه كرا به‌گشتى و رۆڵى هه‌رێمى كوردستان له روبه‌رووبوونه‌وه‌ى تیرۆریستان و هه‌روه‌ها پێشوازیكردنى له زیاتر له یه‌ك ملیۆن و نیو په‌نابه‌ر و ئاواره‌ى ناوخۆ كه له شوێنه‌كانى تر‌ى عیراق روویان له هه‌رێمى كوردستان كردوه. له‌م باره‌یه‌وه وه‌زیرى پلاندانان رایگه‌یاند كه بوونى ئه‌م ژماره زۆره‌ى ئاواره و په‌نابه‌ر له هه‌رێمى كوردستان بابه‌تێكه په‌یوه‌سته به هه‌موو ووڵاتانى ناوچه‌كه و نابێت به‌رپرسیارێتیه‌كه‌ى ته‌نها له ئه‌ستۆى هه‌رێمى كوردستان بێت.
له لایه‌كى تره‌وه، هه‌ر ئه‌مڕۆ وه‌زیرى پلاندانان پێشوازى كرد له خاتوو لیزا گراند، جێگرى نوێنه‌رى تایبه‌تى سكرتێرى گشتى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له عیراق، و جیۆڤانى بۆسكۆ، سه‌رۆكى نوێى نووسینگه‌ى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروبارى هه‌ماهه‌نگى مرۆیى (OCHA) له عیراق.
مه‌به‌ست له‌م سه‌ردانه گفتوگۆكردن بوو له‌سه‌ر ده‌ره‌نجامه‌كانى كۆنفڕاسى پلانى به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنى مرۆیى (HRP) كه هه‌فته‌ى رابردوو له په‌رله‌مانى ئه‌وروپا له برۆكسلى پایته‌ختى به‌لجیكا سازكرا و تایبه‌ت بوو به هاندانى ووڵاتان و لایه‌نانى كۆمه‌كبه‌خش بۆ به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنى داواكارى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، و تیایدا وه‌زیرى پلاندانان سه‌رۆكایه‌تى شاندى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى كرد.