ئەمڕۆ دکتۆ عەلی سندی، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیکرد لە شاندێکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاری عێراق (یونامی) بەسەرۆکایەتی دانیاڵ ئۆگەستبێرگەر، سەرۆکی بەشی کاروباری مرۆیی لە (یونامی).
شاندەکە باسیان لە پرۆژەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد بۆ هاوکاریکردنی عێراق کە هەموو سەکتەرەکان دەگرێتەوە. هەروەها ئاماژەیاندا بەوەی کە تایبەتمەندی هەرێمی کوردستان لەبەرچاوگیراوە لە داڕشتن و جێبەجێکردنی پرۆژەکاندا.
وەزیری پلاندانان پێشنیاریکرد حکومەتی هەرێمی کوردستان و نەتەوە یەکگرتووەکان پرۆژەی هاوبەش ئەنجام بدەن کە لەلایەن هەردوولاوە دارایی بکرێت و تەبابێت لەگەڵ چوارچێوەی پرۆژەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان. هەردوولا رێککەوتن کە پرۆژەی هاوبەش ئەنجام بدرێت لە کەرتە جیاوازەکاندا و بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکاندا.