ئەمڕۆ ٩/٨/٢٠١١ بەڕێز دکتۆر عەلی سندی وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیکرد لە بەڕێز (سیمۆن دی سانتی) بەرپرسی نووسینگەی باڵوێزخانەی ئیتاڵی لە هەولێر.
سەرەتا وەزیری پلاندانان پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە بەرپرسی نووسینگە کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن لە کارەکانیاندا، هەروەها ئامادەباشی وەزارەتی نیشاندا بۆ هاوکاریکردنی نووسینگەکەیان. پاشان وەزیری پلاندانان کورتەیەکی پێشکەشکرد لەسەر ئەرک و چالاکییەکانی وەزارەت و تیشکی خستە سەر پرۆسەی پەرەپێدان لە هەرێمی کوردستان.
بەرپرسی نووسینگەی باڵوێزخانەی ئیتاڵی لە هەولێر ئاماژەیدا بەوەی کە پاش چەند سەردانێکی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکانی نێوان ئیتاڵیا و هەرێم پێدەنێتە قۆناغێکی نوێ و لەماوەیەکی نزیکدا کونسوڵخانەی ئیتاڵی لە هەولێر بەفەرمی دەستبەکاردەبێت. هەروەها گوتی کە هەرێمی کوردستان و عێراق پێگەی ستراتیژی و ئابورییان هەیە بۆ ئیتاڵیا و کۆمپانیا ئیتاڵییەکان ئامادەیی بەرچاویان هەیە لە هەرێم و هەوڵ دەدەین ئەم پەیوەندییە توندوتۆڵتر بکەین.
هەردولا کۆک بوون لەسەر گرنگی پەرەپێدانی کەرتی تایبەت بۆ بوژاندنەوەی ئابوری هەرێم و درێژەدان بە کاری هاوبەش لەم بوارەدا.