
لە ژێر چاودێری بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رێزدار نێچیرڤان بارزانی رۆژی ٢١/ ٩/ ٢٠١٥ کۆڕبەندی چوارچێوەی ستراتیژی پاراستنی کۆمەڵایەتی لە لایەن د.علی سندی، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرایەوە بە ئامادەبوونی بەڕێز محمد قادر هاودیانی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و زیاتر لە ٥٠ بەرپرسی حکومی و نوێنەرانی دام و دەزگا حکومی و رێکخراوە نێودەوڵەتیە پەیوەندیدارەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی. ئەم کۆڕبەندە تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی دەرەنجامەکانی قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی پاراستنی کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بە هەماهەنگی لە نێوان حکومەتی هەرێم و بانکی نێودەوڵەتی جێبەجێ دەکرێت.
وەزیری پلاندانان لە وتارێکدا باسی لە گرنگی ئەم ستراتیژیە نوێیە کرد بۆ باشترکردنی گوزەرانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و رایگەیاند کە ئەمە هانگاوێکە لە چوارچێوەی ئەو بەرنامە چاکسازیەی بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانی بۆ داڕێشتووە لە سێکتەرە جیاوازەکان.
شایانی باسە پڕۆژەکە هەریەك لە بوارەکانی بیمەی کۆمەڵایەتی و خانەنشینی، بازاڕی کار و تۆڕەکانی پاراستنی کۆمەڵایەتی لە خۆدەگرێت.