
ئەمڕۆ ٨/٩/٢٠١١ بەڕێز دکتۆر عەلی سندی وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیکرد لە بەڕێز (وچان چانگ) نوینەری نوێی ئاژانسی هاوکاری نێودەوڵەتی کۆماری کۆریای باشوری (کۆیکا) لە هەرێمی کوردستان. لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەسەر هاوکاری و هەماهەنگی نێوان هەردولا و پلانی ئاژانسی کۆیکا بۆ ساڵی ٢٠١٢ بۆ هاوکاریکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
سەرەتا وەزیری پلاندانان هاوکارییەکانی کۆماری کۆریای بەرزنرخاند کە لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە چەندین بواری گرنگیان لەخۆگرتووە. دکتۆر عەلی سندی بەگرنگییەوە باسی لەو خولانەی راهێنان کرد کە لە کۆماری کۆریا پێشکەش دەکرێن بە فەرمانبەرانی حکومەت و داوایکرد کە درێژە بدرێت بە پێشکەشکردنی ئەم جۆرە خولانە.
بەڕێز (وچان چانگ) باسی لە پرۆژە و پلانەکانی ئاژانسی کۆیکا کرد بۆ ساڵی ٢٠١٢ کە بەراوێژکردن لەگەڵ وەزارەتی پلاندانان داڕێژراوە و پێکدێت لە جێبەجێکردنی پرۆژە و پێشکەشکردنی خولی راهێنان بە فەرمانبەرانی حکومەت لە کۆماری کۆریای باشور.
لەکۆتایدا هەردوولا جەختیان کردەوە لە گرنگی هاوکاری و هەماهەنگی بەردەوام بۆ زیاتر برەودان بە پەیوەندییەکانی نێوان کۆریای باشور و هەرێمی کوردستان.