ئەمڕۆ ١٠/٧/٢٠١١ بەڕێز دکتۆر عەلی سندی، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیکرد لە شاندێکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاری عێراق (یونامی) بەسەرۆکایەتی بەڕێز (سۆکۆڵ کوندی)، بەرپرسی نوێی نووسینگەی یونامی لە هەولێر.
وەزیری پلاندانان پیرۆزبایی کرد لە بەرپرسی نوێی یونامی و ئومێدی سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکە نوێیەکەیدا، هەروەها ئامادەباشی وەزاراتی دووپات کردەوە بۆ کارئاسانی و هاوکاریکردنی یونامی. وەزیری پلاندانان ئاماژەیدا بەو رۆڵە گرنگەی یونامی لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەیگێڕیت و داوای لێکردن بەردەوام بن لە هاوکاریکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
بەڕێوەبەری یونامی خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەوەرگرتنی ئەم پۆستە لە هەرێمی کوردستان و گوتی کە هەرێمی کوردستان پێشکەوتنی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت و یونامی ئامادەیە ئاستی هاوکارییەکانی لەگەڵ حکومەتی هەرێم زیادبکات لەپێناو بەشداریکردنی زیاتر لە پرۆسەی پەرەپێداندا لە هەرێمی کوردستان.