هه‌ولێر، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان- عیراق 24ی شوباتی2015– دوابه‌دوای واژۆكردنی چوار چالاكی یارمه‌تیده‌ر له نێوان گروپی بانكی نێوده‌وڵه‌تی و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان – عیراق له تشرینی دووه‌می 2014، گروپی بانكی نێوده‌وڵه‌تی و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له 24ی شوباتی 2015 ده‌سپێكی به‌رنامه‌ی هاریكاری ته‌كنیكیان راگه‌یاند بۆ دانانی چوارچێوه‌یه‌كی ستراتیژی پاراستنی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ هه‌رێمی كوردستانی عیراق.
ده‌سپێكه‌كه له ئیڤێنتێك به‌ڕێوه‌چوو كه له‌ژێر چاودێری دكتۆر عه‌لی سندی وه‌زیری پلاندانانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سازدرا، به ئاماده‌بوونی گه‌وره به‌رپرسان و پسپۆرانی ته‌كنیكی بانكی نێوده‌وڵه‌تی. هه‌روه‌ك ئاژانسه حكومیه په‌یوه‌ندیداره‌كان، كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، په‌رله‌مان و، رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان تیایدا ئاماده‌بوون.
ئامانجی په‌ره‌پێدانی به‌رنامه‌ی چوارچێوه‌ی ستراتیژی پاراستنی كۆمه‌ڵایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بریتیه له دامه‌زراندنی چوارچێوه‌یه‌ك بۆ سیاسه‌ت و به‌رنامه‌كانی پاراستنی كۆمه‌ڵایه‌تی كه ده‌بێته مایه‌ی یه‌كسانی زیاتر له ستانده‌ره‌كانی ژیانی هاوڵاتیانی و ئینجا كه‌مكردنه‌وه‌ی لاوازی. چوارچێوه‌ی ستراتیژی پاراستنی كۆمه‌ڵایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پشتگیری هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات بۆ دانانی سیسته‌مێكی گشتگیر بۆ پاراستنی كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌شداریكردن له مه‌به‌ستی روانینی 2020ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ "ئازادی، ته‌ندروستی، چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی، ئاسایشی ئابووری و ده‌رفه‌ت بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ی".
ئه‌و ده‌سپێكه یه‌ك رۆژیه بریتیه له سه‌كۆیه‌ك بۆ گفتوگۆ سه‌باره‌ت به هه‌ر یه‌ك له قۆناغه‌كانی به‌رنامه‌كه‌و چالاكیه په‌یوه‌ندیداره‌كانی. هه‌روه‌كو ئیڤێنتێكیشه بۆ زانین ئاڵ‌وگۆڕكردن. سندی گوتی: "ئێمه ئاسووده‌ین كه ئه‌زموونی بانكی نێوده‌وڵه‌تیمان هه‌بێ بۆ پته‌وكردنی سیسته‌مه‌كانی پاراستنی كۆمه‌ڵایه‌تی له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان". "بانكی نێوده‌وڵه‌تی پشتگیری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات بۆ گه‌یشتن به‌و ئامانجانه كه له روانینی ئێمه بۆ 2020دا هاتوون، كه به -دانانی خه‌ڵك له پایه‌ی یه‌كه‌م- ده‌ست پێده‌كات هه‌روه‌ك له به‌ندی یه‌كه‌مدا هاتووه".
ده‌سپێكی ئیڤێنت بۆ دابه‌ش ده‌بێته سه‌ر سێ به‌ش: به‌شی 1 به‌شداران ئاشنا ده‌كات به به‌رنامه‌ی هاوكاری ته‌كنیكی و ئامانج و كایه‌و پێشكه‌شكاری و رێكخستنه‌كانی جێبه‌جێكردنی و چوارچێوه زه‌مه‌نیه‌كه‌ی. به‌شی 2 رۆشنایی ده‌خاته سه‌ر ئاراسته جیهانی و هه‌رێمیه‌كانی په‌یوه‌ندیدار به بواری پاراستنی كۆمه‌ڵایه‌تی، له كاتی ده‌ستنیشانكردنی پێڤاژۆی ناوخۆیی بۆ سیسته‌مه‌كانی پاراستنی كۆمه‌ڵایه‌تی له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان. به‌شی 3 تایبه‌ت ده‌كرێت به سه‌رنجه‌كانی گروپ و كاردانه‌وه‌ی به‌شداران له‌سه‌ر به‌رنامه‌كه‌و بایه‌خی بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.
رۆبه‌رت بوجۆده گوتی" بانكی نیوده‌وڵه‌تی پشتگیری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات له گه‌شه‌پێدانی گشتگیری كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری"، هه‌روه‌ها نوێنه‌ری تایبه‌تی بۆ عیراق له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا گوتی"به‌رنامه‌كانی پاراستنی كۆمه‌ڵایه‌تی ره‌گه‌زی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ن بۆ بنیاتنانی به‌هێزبوونی دانیشتوان له رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی زه‌برو قه‌یرانه‌كاندا"
چالاكیه‌كانی به‌رنامه‌ی هاوكاری ته‌كنیكی به‌سه‌ر چوار به‌شدا دابه‌ش ده‌بن: یه‌كه‌میان بریتیه له جه‌ردكردن، به‌راوردكردن و، هه‌ڵسه‌نگاندی كاریگه‌ری به‌ئامانجگرتن؛ دووه‌م بریتیه له پرۆسه‌ی راوێژكاری؛ سێیه‌م بریتیه له دانانی چوارچێوه‌ی ستراتیژی پاراستنی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ هه‌رێمی كوردستان و؛ چواره‌میش بریتیه له پرۆسه‌ی بڵاوكردنه‌وه.
لیژنه‌یه‌كی ئاراسته‌كاری هاوبه‌شی وه‌زاره‌ته‌كان بۆ ئاراسته‌كردنی كاردامه‌زراوه. لیژنه‌ی ئاراسته‌كار له‌وه دڵنیا ده‌بێته‌وه كه كاره‌كه به‌پێی خواسته‌كانی به‌رنامه‌ی هاوكاری ته‌كنیكی به‌ڕێوه‌ده‌چێت و له‌گه‌ڵ روانینی 2020ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رێكده‌كه‌وێ. هه‌روه‌ها چاوده‌پۆشێ له كاری گروپه ته‌كنیكیه‌كان و پارێزگاری له هێشتنه‌وه‌ی كه‌ناڵی كراوه‌و روون ده‌كات بۆ هه‌ماهه‌نگی و ئاڵوگۆڕی داتاكان له نێوان دامه‌زراوه سه‌ره‌كیه‌كاندا. لیژنه‌ی ئاراسته‌كار له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی پلاندانانه‌وه سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرێت و، نوێنه‌رانی پایه‌به‌رزی تێدا ده‌بێت له وه‌زاره‌تی كار‌و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی؛ وه‌زاره‌تی دارایی؛ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده؛ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی؛ نووسینگه‌ی ئاماری هه‌رێمی كوردستان و؛ راوێژكارانی ته‌كنیكی له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران.
غه‌سان ئه‌لخۆجه، گه‌وره پسپۆری پاراستنی كۆمه‌ڵایه‌تی بانكی نێوده‌وڵه‌تی و سه‌رۆكی تیمی كار گوتی "دانانی چوارچێوه‌ی ستراتیژی پاراستنی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ هه‌رێمی كوردستانله‌لایه‌ن باشترین پراكتیسه جیهانیه‌كانه‌وه رێنوێنی ده‌كرێت"، "له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، بژارده‌ی سیاسی به شێوه‌یه‌ك پێشكه‌ش ده‌كرێت كه له‌گه‌ڵ پێڤاژۆو جێبه‌جێكردنی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رێكبكه‌وێ له ماوه‌ی 3-5 ساڵی ئاسۆی جێبه‌جێكردندا"