ئەمڕۆ ٤/٤/٢٠١١ بەڕێز دکتۆر عەلی سندی، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی کرد لە خاتوو کریستین مەکناب، جێگری نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق.
سەرەتا دکتۆر عەلی سندی کورتەیەکی پێشکەش کرد لەسەر کار و چالاکییەکانی وەزارەت. پاشان رەشنووسی پلانی پەرەپێدانی ستراتیژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵانی (٢٠١٢ – ٢٠١٦) پێشکەش کرد بە خاتوو مەکناب. ئەم پلانە ستراتیژییە پلانێکی پێنج ساڵییە کە وەزارەتی پلاندانان دایڕشتوە و پاش ئەنجامدانی گفتوگۆی چڕ و هەمەلایەن پەسەند دەکرێت و دەخرێتە بواری جێبەجیکردنەوە. وەزیری پلاندانان سوپاسی ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد کە هاوکات لەگەڵ چەندین رێکخراوی نێودەوڵەتی هاوکاری وەزارەت بوون لە هەموو قۆناغەکانی داڕشتنی پلانی پەرەپێدانی پێنج ساڵە.
هەروەها خاتوو کریستین مەکناب نامیلکەی گردبوونەوەی هاوکارانی عێراق (منتدی الشرکاء العراق) پێشکەش کرد بە وەزیری پلاندانان و ئاماژەی بەوەدا کە هەرێمی کوردستان دەستپێشخەر بووە لە بونیاتنانی میکانیزمی هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ هاوکارە نێودەوڵەتییەکان، لەڕێگای کۆبوونەوەی دوو مانگی لایەنە هاوکار و کۆمەکبەخشەکان بە سەرپەرشتی وەزارەتی پلاندانان.
لە کۆتایدا باس لەو پرۆژانەی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا کە بە هاوبەشی و هاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجام دەدرێن. وەزیری پلاندانان باسی لەوە کرد کە ماوەی دوو ساڵە وەزارەت پرۆژەی بەڕێوەبردنی دارایی گشتی جێبەجێ دەکات بەهاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکان و بانکی نێودەوڵەتی، ئەم پرۆژەیە و پرۆژەی تری هاوشێوە دەبنە هۆی زیادکردنی شەفافیەت و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری باشتر.