
رۆژى 9/6/2014، دكتۆر على سندى، وه‌زیرى پلاندانانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازیكرد له پڕۆفیسۆر پۆلأ نون، پسپۆرى نێوده‌وڵه‌تى له نه‌خۆشى سیل، و شاندێكى به‌رنامه‌ى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ په‌ره‌پێدان (UNDP) كه له ئێستادا سه‌رقاڵى جێبه‌جێكردنى پڕۆژه‌یه‌كى ده‌ستنیشانكردن وچاره‌سه‌ركردنى نه‌خۆشى سیله.
له میانه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له ره‌وشى هه‌رێمى كوردستان كرا سه‌باره‌ت به به‌ربڵاوى نه‌خۆشى سیل كه هه‌رێمى كوردستان پێشكه‌وتنى به‌رچاوى به‌خۆوه بینیوه له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئه‌م نه‌خۆشیه به‌پێى ئاماره‌كانى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، به تایبه‌تى به به‌راورد به ناوچه‌كانى تر‌ى عیراق. شاندى ناوبراو رایگه‌یاند كه كارده‌كه‌ن بۆ پالُشتیكردنى هه‌ولێر بۆ ئه‌وه‌ى ببێته ناوه‌ندێك بۆ چاره‌سه‌ركردنى نه‌خۆشی سیل كه هه‌موو پێداویستیه‌كانى بۆ دابینبكرێت به‌مه‌به‌ستى بنبڕ‌كردنى ئه‌م نه‌خۆشیه. وه‌زیرى پلاندانان جه‌ختى له‌سه‌ر گرنگى ئه‌م بابه‌ته كرده‌وه كه په‌یوه‌سته به ژیانى خه‌ڵك و دووپاتیكرده‌وه كه حكومه‌تى هه‌رێم كارده‌كات بۆ پێشكه‌شكردنى باشترین خزمه‌تگوزارى بۆ چاره‌سه‌ركردن و پاراستنى گیانى هاونیشتمانیانى هه‌رێمى كوردستان. هه‌روه‌ها باسى له‌و پلان و ستراتیجیه‌تانه كرد كه حكومه‌تى هه‌رێم له بوارى په‌ره‌پێدان و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئه‌م جۆره نه‌خۆشیانه په‌یڕه‌وى ده‌كات وه‌ك پڕۆگرامى ئامانجه‌كانى په‌ره‌پێدانى هه‌زاره‌یى، ئامانجه‌كانى (UNDAF) و ستراتیجیه‌تى كه‌مكردنه‌وه‌ى هه‌ژارى، هه‌روه‌ها به‌شێكى دیارى دیدگاى هه‌رێمى كوردستان بۆ ساڵى 2020 بۆ كه‌رتى ته‌ندروستى ته‌رخانكراوه. له كۆتاییدا د. على سندى ئاماده‌یى وه‌زاره‌تى پلاندانانى خسته‌ڕوو بۆ هه‌ر هاوكاری و هه‌ماهه‌نگییه‌ك كه ببێته مایه‌ى باشتر جێبه‌جێكردنى ئه‌م پڕۆژه گرنگه.