رۆژی٧/٤/٢٠١١ وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی کرد لە بەڕێز (یونگ شوڵ جۆ) کونسوڵی گشتی کۆماری کۆریا لە هەرێمی کوردستان. وەزیری پلاندانان پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە کونسوڵی گشتی کرد و ئومێدی سەرکەوتنی بۆ خواست لە کارەکانیدا. هەروەها رۆڵی کۆماری کۆریای بەرزنرخاند لە پرۆسەی ئاوەدانکردنە
وەی هەرێمی کوردستاندا و لە پێشکەشکردنی خولی راهێنان بە زیاتر لە هەزار کارمەندی حکومەتی هەرێم لە چەند ساڵی رابوردودا.
کونسوڵی گشتی کۆریا باسی لە پرۆژەکانی کۆریا کرد کە مەبەستیان هاوکاریکردنی حکومەتی هەرێمە لە بوارەکانی بونیاتنان و پەرەپێداندا. هەروەها وتی کۆماری کۆریا بەردەوام دەبێت لە ئەنجامدانی پرۆژە و پێشکەشکردنی خولی راهێنان و پتەوکردنی پەیوەندییە سیاسی و کولتورییەکان لەگەڵ حکومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان.
وەزیری پلاندانان باسی لە گرنگی هاندانی کۆمپانیا بچووک و مامناوەندییەکانی کۆریا کرد لە پرۆسەی پەرەپێدان و بونیاتنانەوەدا، هەروەها بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان. کونسوڵی گشتی باسی لە خواستی کۆمپانیا کۆرییەکان کرد بۆ ئەنجامدانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان، کە لەسایەی گۆڕانکارییەکانی حکومەتدا پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیە بینیوە.
لە کۆتایدا کونسوڵی گشتی باسی لە گرنگی دروستکردنی تۆڕی پەیوەندی کرد و وتی بڕیارە کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان بکرێت لەگەڵ ئەو کارمەندانەی حکومەتدا کە سەردانی کۆریایان کردوە بۆ دروستکردنی تۆڕی پەیوەندی و ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری و ئەزموون بەشێوەیەکی بەردەوام.