ئەمڕۆ ١٩/٦/٢٠١١ بەسەرپەرشتی بەڕێز دکتۆر عەلی سندی، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی لیژنەی پۆڵێنکردن بەڕێوەچوو. لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەری وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان و سەرۆکی یەکێتی بەڵێندەرانی هەرێمی کوردستان و لقی هەر سێ پارێزگاکەی هەرێم ئامادەبوون. تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە هەڵسەنگاندنی پرۆسەی پۆڵێنکردنی کۆمپانیا بیانییەکان بوو.
دکتۆر عەلی سندی کورتەیەکی لەسەر پرۆسەی پۆڵێنکردن لە وەزارەتی پلاندانان پێشکەشکرد و باسی لە مەسەلەی پۆڵێنکردنی کۆمپانیا بیانییەکان کرد. وەزیری پلاندانان ئاماژەیدا بەوەی کە پاش ئەنجامدانی هەڵسەنگاندێکی ورد بۆ پرۆسەکە، وەزارەتی پلاندانان گەیشتۆتە ئەو بڕوایەی کە پێویستە پێداچوونەوە بۆ سیستەمەکە بکرێت. هەروەها گوتی کە پێویستە پێشکەوتنی بەرچاوی کۆمپانیا خۆماڵییەکان رەچاوبکەین و زیاتر هانیان بدەین بۆ کاری باشتر.
بەشدارانی کۆبوونەوەکە تیشکیان خستەسەر رۆڵی گرنگی وەزارەتی پلاندانان لە بوارەکانی پۆڵێنکردن و گرێبەستە گشتییەکاندا و بڕیاردرا کە کۆبوونەوەی زیاتر بکرێت بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەی پۆڵێنکردن لە هەرێمی کوردستان و گۆڕینی بە سیستەمێک کە ببێتە هاندەر بۆ کاری زیاتی کۆمپانیا خۆماڵی و بیانییەکان.