ئەمڕۆ ٦/٧/٢٠١١ بەڕێز دکتۆر عەلی سندی، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیکرد لە شاندێکی قوتابخانەی نیشتیمانی بەریتانی بە سەرۆکایەتی خاتوو (کاترینا ئەلاری). قوتابخانەی نیشتیمانی بەریتیانی، دامەزراوەیەکی راهێنانی سەربە حکومەتی بەریتانییە و خاوەن ئەزموونێکی زۆرە لە بواری راهێناندا لە ناوخۆ و دەرەوەی بەریتانیا.
قوتابخانەی نیشتیمانی ئێستا هاوکاری وەزارەتی پلاندانان دەکات بۆ داڕشتنی ستراتیژی راهێنان و پەرەپێدانی تواناکانی ئینسیتیتۆی کوردستان بۆ پەرەپێدانی کارگێڕی گشتی سەربە وەزارەتی پلاندانان.
وەزیری پلاندانان باسی لە گرنگی راهێنان کرد بۆ پەرەپێدانی تواناکانی کارمەندانی حکومەت، هەروەها ئاماژەیدا بە پلانی وەزارەت بۆ بەرەوپێشبردنی ئینستیتۆی کوردستان بۆ پەرەپێدانی کارگێڕی گشتی تا بتوانێت سەربەخۆ و بەپێی بەرنامە خولەکانی راهێنان بۆ هەموو فەرمانگەکانی حکومەت دابین بکات.