رێکەوتی ٢٧/ ٤/ ٢٠١٦ د.علی سندی، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی کرد لە بەڕێز تیبۆر ساتماری، باڵیۆزی هەنگاریا لە عێراق و کونسوڵی هەنگاریا لە هەولێر.
مەبەست لەم سەردانە بۆ زیاتر ئاشنابوون بوو بە بارودۆخی هەرێمی کوردستان و تێگەیشتن لە بارودۆخی ئابوری هەرێمی کوردستان بوو و چۆنیەتی بەرەنگاربووەنەوەی ئەم قەیرانە لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان. کە تیایدا رۆڵی حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ تاوتوێ کرا لە هاوکاریکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
هەروەها وەزیری پلاندانان ئاماژەی بەو بەربەستانە کرد بۆ هەرێمی کوردستان بە مەبەستی بەدەستهێنانی قەرزی نێودەوڵەتی هاوشێوەی عێراق، لەم بارەیەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵی بەدەستهێنانی بەشێك لەم قەرزەیە کە وڵاتی عێراق وەری دەگرێت تا بتوانێت تەمویلی پڕۆژە ستراتیژی و خزمەتگوزاریەکانی بکات و ئابوری هەرێم ببوژێتەوە.
لای خۆیەوە باڵیۆزی هەنگاریا لە میانەی کۆبوونەوەکە باسی لەوە کرد کە ئەوان لە بارودۆخی دارایی و کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێم وحکومەتی فیدڕاڵ تێدەگەن و جەختی لەوە کردەوە کە بە پێی توانای خۆیان رۆڵی ئەرێنیان دەبێت لەم بارەیەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە حکومەتی هەنگاریا پاڵپشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت لەم بارودۆخەی ئێستای هەرێمی کوردستان ئەویش لە رێگەی زەمالەی خوێندن و هێنانی پسپۆرانی سەربازی بۆ راهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە لە رووبەرووبوونەوەیان دژی شەڕی داعش، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئێستا کار لەسەر ئەوە دەکەن کە چۆن بتوانن لە رێگەی بانکەکانیان سەرمایە بۆ پڕۆژە ئابوریەکان دابین بکەن.
لەکۆتاییدا وەزیری پلاندانان سوپاسی هاوکاریەکانی وڵاتی هەنگاریای کرد و هیوای سەرکەوتنی لەکارەکانی بۆ خواست، هەروەها جەختی لەسەر بەردەوامی پەیوەندیەکانی هەردوولا کردەوە.