
ئه‌مڕۆ 9/12/2013، د. على سندى وه‌زیرى پلاندانانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازیكرد له خاتوو لیندالأ ساكس، باڵوێزى ئوسترالیا له عیراق، و شاندى یاوه‌رى.
له میانه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له چه‌ند ته‌وه‌رێكى گرنگ كرا كه په‌یوه‌ستن به په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌رێمى كوردستان و ئوسترالیا له بواره‌كانى ئابوورى و زانستى و كۆمه‌ڵایه‌تى و هتد. له‌م باره‌یه‌وه، باڵوێزى ئوسترالیا باسی له چالاكییه‌كانى ژماره‌یه‌ك كۆمپانیاى ئوسترالى كرد له هه‌رێمى كوردستان له بوارى جیاجیادا هه‌روه‌ها كۆمپانیایه‌كى تایبه‌ت به هاوكاریكردنى قوتابیانى هه‌رێم بۆ خوێندن له ئوسترالیا. هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند كه حكومه‌تى ئوسترالیا هاوكارى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات له كردنه‌وه‌ى بنكه‌یه‌كى راهێنانى پیشه‌یی بۆ ئاماده‌كردنى ده‌رچووانى ئه‌كادیمی و پیشه‌یى بۆ بازاڕى كار، هه‌روه‌ها باس له په‌ره‌پێدانى گواستنه‌ى ئاسمانى له نێوان هه‌رێم و ئوسترالیا كرا.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه وه‌زیرى پلاندانان ئاماژه‌ى به په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێم كوردستان و كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى كرد به‌تایبه‌تى كه ئه‌مڕۆ زۆرى ووڵاتانى جیهان روو له هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن بۆ وه‌به‌رهێنان دواى ئه‌و گه‌شه‌سه‌ندنه‌ى هه‌رێمى كوردستان به‌خۆوه‌ى بینیوه له هه‌موو بوارێكدا. هه‌روه‌ها باسى له پێداویستیه‌كانى هه‌رێمى كوردستان كرد كه حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به ئه‌وله‌ویاتى خۆى داناوه وه‌ك كه‌رتى په‌ره‌پێدانى مرۆیى و هه‌روه‌ها پێداویستیه‌كانى ژێرخانى ئابوورى و كۆمه‌ڵایه‌تى.