رۆژی 2011/04/26 بەڕێز دکتۆر عەلی سندی، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی کرد لە بەڕێز (کریستۆفەر مارۆشیگی)، راوێژکاری زانستی لە ئاژانسی (UNESCO)، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێشکەوتنەکانی پرۆژەی رووپێوی هایدرۆجیۆلۆجی کە ئەم ئاژانسە جێبەجێی دەکات لە عێراق و هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پلاندانانی هەرێم رۆڵی هەماهەنگی دەگێڕێت. پرۆژەی رووپێوی هایدرۆجیۆلۆجی پرۆژەیەکی گرنگە کە نەخشەیەکی گشتی و تازەی سەرچاوەکانی ژێرزەوی دابین دەکات.

پاش باسکردنی چالاکییەکانی قۆناغی یەکەم و دووەمی پرۆژەکە لەلایەن راوێژکاری (UNESCO)ەوە، وەزیری پلاندانان باسی لە گرنگی ئەم داتایانە کرد بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە بوارەکانی پلاندانانی ستراتیژی، نەخشەسازی شارستانی و پەرەپێدانی کشتوکاڵ و پاراستنی سەرچاوەکانی ئاوی ژێرزەوی و سوودوەرگرتن لێیان بەشێوەیەکی گونجاو.