ئەمڕۆ ١٨/٧/٢٠١١ کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی راوێژکاری ئەنجامدرا لەسەر داڕشتنی ستراتیژی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان. لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری پلاندانان، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری هەولێر و نوێنەری پارێزگاکانی سلێمانی و دهۆک ئامادەبوون.
سەرەتا بەڕێز دکتۆر عەلی سندی ئاماژەیدا بە گرنگی هەوڵە هاوبەشەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و رێکخراوی هابیاتی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ داڕشتنی ستراتیژی نیشتەجێبوون بۆ هەرێمی کوردستان، پاش ئەوەی توانرا سەرکەوتووانە ستراتیژی نیشتەجێبوونی هەولێر دابڕێژرێت. وەزیری پلاندانان جەختیکردەوە لە گرنگی کارکردنی هاوبەشی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت بۆ داڕشتنی ستراتیژی نیشتەجێکردن بۆ هەموو هەرێمی کوردستان، هەروەها گوتی کە هەوڵ دەدەین ستراتیژەکە بایەخی تایبەت بدات بە نیشتەجێکردنی هاووڵاتیانی کەمدەرامەت و خاوەن پێداویستی تایبەت.
بەشداربووانی کۆبوونەوەکە گفتوگۆی چڕیان کرد لەسەر کێشەکان و رێگەچارەکانی کەرتی نیشتەجێبوون و دەستنیشانکردنی هەنگاوەکانی داهاتوو بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی نیشتەجێبوون. لەکۆتایدا بڕیاردرا لیژنەیەکی باڵا پێکبهێنرێت بۆ سەرپەرشتیکردنی پرۆسەی داڕشتنی ستراتیژی نیشتەجێبوونی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و ئەندامێتی نوێنەری باڵای هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان.