ئەمڕۆ ٢٨/٦/٢٠١١ بەڕێز دکتۆر عەلی سندی، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیکرد لە بەڕێز (فائز ئەلخوری) کونسوڵی گشتی شانشینی ئوردون لە هەرێمی کوردستان. سەرەتا وەزیری پلاندانان پیرۆزبایی لە بەڕێز ئەلخوری کرد بەبۆنەی دەستبەکاربوونەییەوە وەک کونسوڵی گشتی لە هەرێمی کوردستان و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە کارەکانیدا، هەروەها ئامادەیی وەزارەتی نیشاندا بۆ هاوکاری و هەماهەنگی بەردەوام.
بەڕێز فائز ئەلخوری باسی لە گرنگی کردنەوەی کونسوڵخانەی شانشینی ئوردون کرد لە هەولێر کە لەسەر فەرمانی راستەوخۆی شای ئوردون بووە، هۆکاری ئەمەشی گەڕاندەوە بۆ ئەو پەیوەندییە پتەوەی نێوان شا عەبدوڵای دووەمی ئوردون و سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڕێز مەسعود بارزانی. هەروەها ئاماژەیدا بە خواستی کونسوڵخانە بۆ هاوکاریکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئاڵوگۆڕکردنی ئەزموون لەنێوان هەردولادا.