ئەمڕۆ ٢١/٧/٢٠١١ بەئامادەبوونی بەڕێز دکتۆر عەلی سندی، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوو رێککەوتنامەی جێبەجێکردنی پرۆژەی نوێ لەنێوان وەزارەتی پلاندانان و رێکخراوی کۆیکای کۆریای باشور واژۆکرا.
رێککەوتنامەی یەکەم بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی پەروەردەییە لە پارێزگای دهۆک، کە باخچەی ساوایان، قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی و هۆڵی فرەمەبەست لەخۆدەگرێت. گوژمەی ئەم پرۆژەیە ٥.٥ ملیۆن دۆلاری ئەمریکییە و ساڵی ٢٠١٣ تەواو دەبێت. رێککەوتنامەی ئەم پرۆژەیە لەلایەن وەزیری پلاندانان و وەزیری پەروەردە و نوێنەری رێکخراوی کۆیکا بەرێز (چۆنگ) واژۆکرا.
رێککەوتنامەی دووەم بۆ پێشخستنی سیستەمی دابینکردنی ئاوی خواردنەوەیە لە پارێزگای دهۆک، بەگوژمەی ٣ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی و بڕیارە ساڵی ٢٠١٣ تەواو بکرێت. واژۆکردنی ئەم رێککەوتنامەیە لەلایەن وەزیری پلاندانان و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و نوێنەری کۆیکا بەڕێز (چۆنگ) واژۆکرا.
لەکۆتایی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا بەڕێز دکتۆر عەلی سندی ئاماژەیدا بە گرنگی مەعنەوی ئەم پرۆژانە و پرۆژەکانی تری کۆیکا بۆ پتەوکردنی دۆستایەی نێوان حکومەت و گەلی کۆریای باشور و کوردستان.