رۆژی ٢١/١١/٢٠١١
شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی د. عەلی سندی، وەزیری پلاندانان و
بە بەشداری نوێنەری وەزارەتەکانی کشتوکاڵ
و سەرچاوەکانی ئاو، شارەوانی و گشتوگوزار و کارەبا لە ولایەتی (بۆش دی غوان) لە
باشوری رۆژئاوای فەڕەنسا، سەردانێکی فەرمیان ئەنجامدا بۆ بارەگای سەرەکیی دەزگای(ئێس
سی پی) کە دەزگایەکی تایبەتمەندە لەبواری بەڕێوەبردنی ئاو و ماوەی ساڵێکە لە
هەرێمی کوردستان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە و هەوڵ دەدات دەزگایەکی حکومی لە کوردستان
دابمەزرێنێت لەبواری کۆکردنەوەی داتا و ئامار و کۆنترۆڵکردن و دانانی میکانیزمی
ستراتیژی بۆ بەڕێوەبردنی سیاسەتی ئاو و سەرچاوەکانی ئاو لە کوردستان.
جێگەی ئاماژەیە
کە ئەم دەزگایە یەکێکە لە گەورەترین دەزگاکانی بواری بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو
و بەنداوەکان لە فەڕەنسا. لە قۆناغی یەکەمدا پرۆژەییەکی لێکۆڵینەوەیان ئەنجامداوە
لەسەر زێی گەورە و لە ئێستاشدا سەرقاڵی دروستکردنی دەزگایەکی بەڕێوەبردنی
سەرچاوەکانی ئاوە لە هەرێمی کوردستان. شایانی
باسە کاری ئەم پرۆژەیە دەچێتە چوارچێوەی ئەو هاوکاری و کۆمەکانەوە کە حکومەتی
فەڕەنسا پێشکەشی هەرێمی کوردستانی دەکات.