له ڕێكهوتی 23-2-2015 د. علی سندی وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی د. ئاشتی هەورامی وەزیری نەوت و سەرچاوە سروشتیەکانی هەرێمی کوردستان بەشداریان کرد لە کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان لەگەڵ کونسوڵ و نوێنەرانی دەوڵەتان لە هەولێر.
مەبەست لەم کۆبوونەوەیە بریتی بوو لە ڕوونکردنەوەی دوایین پێشهاتەکان تایبەت بە بواری ناردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە لایەك و لە لایەکی تر بودجەی عێراقی فیدڕاڵ و بەشە بودجەی هەرێم لە بودجەی فیدڕاڵ بۆ بەشداربووانی کۆبونەوەکە. لە هەمان کات سەفەرەکانی ئەم دواییەی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا بۆ ئامادەبووان ڕوونکرایەوە.
لە میانەی وتەکەی وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان جەخت لەوە کرایەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە ڕێککەوتننامەکەی نێوان هەولێر و بەغدا. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێك دەدات بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی هەرێم بە تایبەتی لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ.
شایانی باسە یاسای بودجەی عێراقی فیدڕاڵ کە لە کۆتایی کانونی دووەمی ٢٠١٥ لە پەرلەمانی عێراق پەسەندکرا و دوێنێ بڵاوکرایەوە لە ڕۆژنامەی وەقائیعی عێراق بە شێوەیەکی فەرمی، بە شێوەیەکی ڕوون باس لە مافە داراییەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە. بەڵام حکومەتی فیدڕاڵ ئاماژە بەوە دەکات کە پارەی نیە بۆ هەرێمی کوردستانی بنێرێت.
هەروەها ئەوە ڕوون کرایەوە کە هیچ پەیوەندیەك لە نێوان سەفەرەکەی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و ئەنکەرە نەبووە. لە کۆتایی کۆبوونەوەکە وەڵامی پرسیارەکانی بەشداربووان درایەوە.