رۆژی ٤/٥/٢٠١١ بەڕێز دکتۆر عەلی سندی، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی کرد لە شاندێکی (UNESCO) بەسەرۆکایەتی بەڕێز (کەیسی واڵتەر) راوێژکاری زانستی و بەڕێز (دکتۆر ئالان گاشێ) سەرۆکی کۆمپانیای تەکنەلۆجیای راداری نێودەوڵەتی، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێشکەوتنەکانی پرۆژەی رووپێوی هایدرۆجیۆلۆجی کە (UNESCO) جێبەجێی دەکات لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
لە
کۆبوونەوەکەدا کە بەڕێز عەلی رەشید، بەڕێوەبەری گشتی پلاندانانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بەشداربوو، سوودەکانی بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای رووپێوی هایدرۆجیۆلۆجی باسکران، کە نەخشەیەکی گشتی و تازەی ئاوی ژێرزەوی دابین دەکات، هەروەها دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی ئاوی ژێرزەوی بەهۆی لێدانی بیر بەشێوەیەکی هەڕەمەکیی. چونکە ئەم تەکنەلۆجیایە زانیاری ورد و نەخشە دابین دەکات لەسەر ئاستی ئاو و شوێنی گونجاو بۆ لێدانی بیر، هەروەها دەستنیشانکردنی ئەو خاکەی کە گونجاوە بۆ کشتوکاڵ و تا ئێستا وەک پێویست سوودی لێوەرنەگیراوە.