1741 جار خوێندراوەتەوە 7/15/2014
رێوشوێنی زانستی و تەکنیکی بۆ پێدانی کارەبا بەپارێزگای کەرکوک و موسڵ گیرایە بەر
وەزیری کارەبا: پێدانی کارەبا بەناوچە کوردستانیەکانی موسڵ کارێکی نیشمانی و مرۆیی یە
بەمەبەستی تاوتوێکردنی سەرجەم ئەو گرفتە تەکنیکیانەی کە دێتە بەردەم ناردنی کارەبا بۆ هەریەک لەپارێزگاکانی نەینەوا و کەرکوک و رێگرتن لەکاریگەرییەکانی لەسەر تۆڕی کارەبای نیشتمانی کوردستان، ئەمڕۆ رێکەوتی 15/7/2014 دکتۆر سەڵاحەدین بابەکر وەزیری کارەبا لەنووسینگەی تایبەتی خۆی سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی فراوانی وەزارەتی کرد ، لەو کۆبوونەوەیەدا کە بەڕێزان بریکاری وەزیرو راوێژکارو بەڕێوەبەری گشتی کۆنترۆڵی کارەباو گواستنەوەی کارەبا ئامادەیبوون، بەتێروتەسەل باس لە پێدانی کارەبا بە پارێزگای نەینەواو کەرکوک و تەواوی ناوچە کوردستانیەکانی ئەو دوو پارێزگایە کرا، لەتەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا وەزیری کارەبا رایگەیاند: ( پێدانی کارەبا بەناوچە کوردستانیەکان جگە لەوەی کارێکی نیشتمانی یەو هاووڵاتیانی ئەو ناوچانە ئەو مافەیان لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە لایەنێکی مرۆیش لەخۆدەگرێت، بەتایبەتی دابینکردنی کارەبا بۆ پرۆژەکانی ئاوو نەخۆشخانەو شوێنەگشتیەکان و رووناککردنەوەی ماڵی هاووڵاتیان . لەتەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا باس لەو گرفتە تەکنیکیانە کرا کە رێگرە لە پێدانی بڕە کارەبای پێویست و هەروەها خۆپاراستن لەئەگەری کوژانەوەی گشتی و کەمکردنەوەی کاریگەریی لەسەر تۆڕی کارەبای نیشتمانی کوردستان .
شایەنی باسە لەکۆتایی هەفتەی رابردوودا ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا سوپاسی وەزارەتی کارەبای کرد لەبەرامبەر پێدانی 40- 50 مێگاوات کارەبا بەهەریەک لە (خازرو قەرەقوش و بەعشیقەو بەرتلە) و بەستنەوەی ئەم ناوچانە بەتۆڕی کارەبای نیشتمانی کوردستان، ئەمەش دوای ئەوەی هاووڵاتیانی ئەم ناوچانە داوایان لەسەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد بەهانایانەوە بچن لەدوای بڕینی کارەباکەیان.



sawen