2849 جار خوێندراوەتەوە 8/24/2014
وەزیری کارەبا هەرسێ پرۆژەی ( بینای بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای گەرمیان و هێڵی گواستنەوەی 132 کەی ڤی چەمچەماڵ – کفری – کەلار و هێڵی 132 کەی ڤی لەکفری ) کردەوە
بەمەبەستی کردنەوەی چەند پرۆژەیەکی گرنگی بواری کارەبا لەناوچەی گەرمیان، ئەمڕۆ رێکەوتی 24/8/2014 دکتۆر سەڵاحەدین بابەکر وەزیری کارەبا بەیاوەری شاندێکی باڵای وەزارەت سەردانی ئیدارەی گەرمیانی کردوو لەلایەن بەڕێز سەڵاح کوێخا سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیانەوە پێشوازی لێکرا و وێڕای بەخێرهاتنی وەزیری کارەباو شاندی یاوەری ئەم سەردانەی بەگرنگ هەڵسەنگاند، لەلایەن خۆشیەوە وەزیری کارەبا باسی بەرنامەو کارەکانی وەزارەتی کارەبای لەگەرمیان کردوو وتی : خەڵکی خۆڕاگری گەرمیان کە خاوەن قوربانیەکی گەورەن و لە پرۆسەی ئەنفالدا زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە شایەنی هەموو پرۆژەو کارێکی خزمەتگوزارین ، کردنەوەی ئەم پرۆژانەش لەو چوارچێوەیەدا دێت و رۆڵی لەکەمکردنەوەی کێشەی ڤۆڵتیەو پێشخستنی ژێرخانی کارەبای ناوچەکەدا دەبێت لەداهاتووشدا لەهەوڵی جێبەجێکردنی پرۆژەیەکی بەرهەمهێنانی کارەباین. هەر هەمان رۆژ وەزیری کارەبا لە بریزەیتەیشنێکدا لەهۆڵی ئیدارەی گەرمیان باس لەرۆڵ و گرنگی ئەو پرۆژانە کرا کە بۆ پێشخستنی ژێرخانی کارەبای گەرمیان و کەمکردنەوەی کێشەی ڤۆڵتیە رۆڵی بەرچاوی هەیە. دواتریش لەمەراسیمێکدا کە هەریەک لەبەڕێزان هۆگر شاڵی بریکاری وەزیرو راوێژکارانی وەزارەت و بەڕێوەبەرانی گشتی وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتی کارەبای سلێمانی و گەرمیان و ژمارەیەک لەئەندازیاران و کارمەندانی وەزارەت ئامادەیبوون وەزیری کارەبا بەیاوەری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بینای بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای گەرمیان و پرۆژەی هێڵی گواستنەوەی 132 کەی ڤی (چەمچەماڵ - کەلار - کفری )یان لەسەنتەری کەلار کردەوە، کە پرۆژەی هێڵەکە بەگوژمەی زیاتر لە 38 ملیار دینار بەسەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوەی وزە جێبەجێ کراوەو لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی یەوە بودجەی بۆ خەرج کراو . لە وتەیەکیشدا دکتۆر سەڵاحەدین بابەکر وەزیری کارەبا رۆڵی وەزارەتی کارەباو ئەندازیاران و کارمەندانی هەردوو بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی و گەرمیان و هەردوو کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەکەی بەرز هەڵسەنگاندوو تەئکیدی لەسەر گرنگی هێڵەکە کرد کە رۆڵی کارای دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی کێشەی ڤۆڵتیەو بەهێزکردنی ژێرخانی کارەبا لەدەڤەری گەرمیان. هەر لەم سەردانەیدا بۆ ئیدارەی گەرمیان وەزیری کارەبا لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی کارەبای گەرمیان و بەڕێوەبەرانی دابەشکردنی کارەباو ژمارەیەک لەئەندازیاران و کارمەندانی کارەبا لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبا کۆبووەو لەنزیکەوە گوێبستی داواکاری و پێشنیارەکانیان بوو بەڵێنی پێدان بەپێی توانای بەردەست و تەرخانکردنی بودجە درێخی لە جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان ناکرێت . پاشان وەزیری کارەباو شاندی یاوەری سەردنی سەرقەڵاو شاری (کفری)یان کردوو چەند پرۆژەیەکی گواستنەوەی وزەی کارەبای نوێیان کردەوە، کە ئەم پرۆژانەش بریتیە لە چەند پرۆژەیەکی دامەزرانی وێستگەی گۆڕینی کارەباو بەشێکی پرۆژەی دانانی هێڵی تەوژم بەرزی کارەبایە
ڕاگەیاندنى بەرێوەبەرایەتى کارەباى گەرمیان
24-8-2014







sawen