2330 جار خوێندراوەتەوە 10/21/2014
وەزیری کارەبا هەردوو پرۆژەی (وێستگەی کارەبای 132 کەی ڤی رێزان و شەقڵاوە)ی کردەوە
وەزیری کارەبا: هەردوو وێستگەی رێزان و شەقڵاوە رۆڵی لە پێشخستنی خزمەتگوزاری کارەبا بۆ هاووڵاتیانی بارزان و رێزان مێرگەسۆر و شێروان مەزن و شەقڵاوەو دەوروبەری دەبێت
بەمەبەستی کردنەوەی دوو پرۆژەی گرنگی بواری کارەبا لە (رێزان و شەقڵاوە)؛ رێکەوتی 21/10/2014 دکتۆر سەڵاحەدین بابەکر وەزیری کارەبا بەیاوەری نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر و شاندێکی وەزارەت سەردانی هەردوو ناوچەی رێزان و شەقڵاوەیان کرد و لەلایەن قایمقامی شەقڵاوە و بەڕێوەبەرانی یەکە ئیدارییەکان و ژمارەیەک لەهاووڵاتیانی ناوچەکە پێشوازییان لێکرا، دواتر لەمەراسیمێکدا کە بەئامادەبوونی ژمارەیەک لە راوێژکاران و بەڕێوەبەرانی گشتی کارەبا بەڕێوەچوو، وەزیری کارەبا پرۆژەی وێستگەی گۆڕینی کارەبا 132 کەی ڤی رێزانی کردەوەو بەشەکانی وێستگەکەی بەسەرکردەوەو لەوتەیەکیدا رۆڵی کۆمپانیای ئینەرگۆئینڤێست سەراییڤۆی بۆسنەی بەرز نرخاندوو سوپاسی کارمەندان و سەرپەرشتیارانی جێبەجێکردنی هەردوو پرۆژەکە کرد و تەئکیدی لەسەر گرنگی کردنەوەی وێستگەکە کرد و رایگەیاند: ئەم وێستگەیە خزمەتێکی باشی دانیشتوانی بارزان و مێرگەسۆرو شێروان مەزن دەکات، بەوەی تاڕادەیەکی باش گرفتی ڤۆڵتیە چارەسەر دەکات و بەشێوەیەکی باشتر لەرێگای فیدەرەکانیەوە کارەبا لەناوچەکەدا دابەش دەکرێت ، ئەمە جگە لەوەی لەرێگای ئەم وێستگەیەوە دەتوانرێت کارەبا لەنێوان هەردوو پارێزگای هەولێرو دهۆک بەشێوەیەکی باشتر بگوازرێتەوە، لەتەوەرێکی تری وتەکانیدا وەزیری کارەبا ئاماژەی بەژمارەیەک لەپرۆژەی هێڵی دیکەی گواستنەوەی کارەبا کرد کە وەزارەتی کارەبا سەرقاڵی جێبەجێکردنێتی لە سەرانسەری ناوچەکانی کوردستان کە هەندێکی ئەمساڵ و ژمارەیەکی دیکەشی لەساڵی داهاتوو دەکەونە بواری کارکردنەوە. هەر هەمان رۆژ وەزیری کارەبا بەیاوەری نەوزاد هادی لەمەراسیمێکدا وێستگەی 132 کەیڤی شەقڵاوەیان کردەوە، کە لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی خواست لە قەزای شەقڵاوە و دەوروبەری، بوونی ئەم وێستگەیە زۆر پێویستە بەتایبەتی بۆ چاککردنی ڤۆڵتییەو چارەسەرکردنی گرفتی ئۆڤەرلۆد ، هەر بەم بۆنەیەوە وەزیری کارەبا پیرۆزبایی لەدانیشتوانی شەقڵاوە و دەوروبەری کردوو بەڵێنی دا کە لەداهاتوودا پرۆژەو کاری زیاتر بۆ ئەم دەڤەرەو سەرجەم ناوچەکانی تری کوردستان جێبەجێ بکەن.وێستگەی گۆڕینی کارەبا 132 کەیڤی رێزان و شەقڵاوە لەپارێزگای هەولێر کە هەردوو پرۆژە لەماوەی 2 ساڵ و 20 رۆژدا جێبەجێ کراوەو رۆڵی لەچاککردنی ڤۆڵتیەو کەمکردنەوەی ئۆڤەرلۆدی سەرجەم ناوچەکانی بارزان و رێزان و مێرگەسۆرو شیروان مەزن و شەقڵاوەو دەوروبەری دەبێت .






sawen