1845 جار خوێندراوەتەوە 11/27/2014
وەزیری کارەبا سێ وێستگەی کارەبای لە کەلەکجی و بەردەڕەش و ئاکرێ کردەوە
وەزیری کارەبا: لە رێگای ئەم وێستگانەوە ئاسانکاری زیاتر دەکرێت بۆ گواستنەوەی وزەی کارەباو دابەشکردنی بەسەر هاووڵاتیاندا
لە درێژەى سەردانەکەیدا بۆ پارێزگاى دهۆک ، ڕێکەوتى 26/11/2014 دکتۆر سەڵاحەدین بابەکر وەزیرى کارەبا چەند پرۆژەیەکى دیکەى کارەبای لە چەند ناوچەیەکى سنوورى پارێزگاکە کردەوە. سەرەتا لە قەزای شێخان وەزیرى کارەبا لەمەراسیمێکدا بە ئامادەبوونی قایمقامی شێخان و بەڕێوەبەری ناحیەی کەلەکجی پرۆژەى وێستگەى کەلەکجی کردەوە کە لە لایەن کۆمپانیای کار ئەنجام دراوە و بڕی 18 ملیار و 645 ملیۆن دینارى تێچووە. لەو رێورەسمەدا کە ژمارەیەک لەراوێژکاران و بەڕێوەبەرانی گشتی کارەبا و بەڕێوەبەری گشتی کارەبای دهۆک و بەرپرسانی حکومی و ئیداری ناوچەکە ئامادەیبوون، وەزیری کارەبا لە وتەیەکیدا ئاماژەی بەگرنگی وێستگەکە کرد کە رۆڵی لەگواستنەوەی وزەی کارەبا هەیە و تاڕادەیەکی باشیش چارەسەری گرفتی بارزۆری سەر تۆڕەکانی کارەبا لە تەواویی ناوچەکە دەکات ، لەم رووەوە وەزیری کارەبا رایگەیاند: (کردنەوەی ئەم وێستگەیە لەچوارچێوەی تەواوبوونی ژمارەیەک لەوێستگەکانی گۆڕینی کارەبا دێت لە پارێزگای دهۆک کە بۆ گواستنەوەی کارەبا گرنگی زۆری هەیە بەتایبەت بۆ کەمکردنەوەی بارزۆری سەر تۆڕەکانی کارەبا ) ، لەلایەن خۆشیەوە قایمقامی شێخان دەستخۆشی لەوەزارەتی کارەبا کرد بۆ دامەزراندنی ئەو وێستگەیە لەقەزاکەیان. دواتر وەزیرى کارەبا سەردانی قەزای بەردەڕەشی کردوو لەلایەن سەردار یەحیا بەرزنجی قایمقامی بەردەڕەشەوە پێشوازیی گەرمی لێکرا و لەرێورەسمێکدا وێستگەی (زەنگەنان )ی لە ناحیەی دارەتوو کردەوە کە لە لایەن کۆمپانیاى کار ئەنجام دراوە و بڕی 19 ملیار و 208 ملیۆن دینارى تێچووە، لەمیانەی کردنەوەی وێستگەکەدا قایمقامی بەردەڕەش دەستخۆشی لەوەزیری کارەباو کارمەندانی ئەو وەزارەتە کرد بۆ کردنەوەی وێستگەکە کە خزمەتی ژێرخانی کارەبا لەناوچەکەیان دەکات و ئومێدی خواست وەزارەتی کارەبا بتوانێت کارەبا بگەیەنێتە ئەو گوندانەی ئازادکراوان لەناوچەکەیاندا لەژێر دەستی داعش و ژێرخانی کارەباکەیان تێکدراون. هەر هەمان رۆژ دکتۆر سەڵاحەدین بابەکر وەزیرى کارەباى حکومەتى هەرێم و شاندی یاوەری سەردانى قایمقامیەتى ئاکرێیان کرد و لە لایەن جەهوەر عەلی قایمقامی ئاکرێ پێشوازییان لێکرا. لە دیدارێکدا وەزیرى کارەبا باسی لە گرنگی ئەو 5 پرۆژەیەی وێستگەی گۆڕینی کارەبا کرد کە بەباشترین کوالێتی و تەکنەلۆژیای سەردەم لەم دوو رۆژەدا لەسەنتەری شاری دهۆک و قەزاکانی ئاکرێ و بەردەڕەش و شێخان کرایەوە ، دواتر وەزیری کارەبا بەئامادەبوونی قایمقامی ئاکرێ هەردوو پرۆژەى وێستگەی کارەبای ئاکرێ و بینایەی نوێی بەرێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای کردەوە. لەمەراسیمی کردنەوەی وێستگەکەدا قایمقامی ئاکرێ سوپاسی وەزیری کارەباو شاندی یاوەری کرد کە گرنگیەکی تایبەتیان بەپرۆژەکانی کارەبا لە قەزاکەیان داوەو لەنزیکەوە لەگەڵ بەرپرسانی کارەبا لەدەڤەرەکە تاوتوێی داواکاریی و پێشنیارەکانی دەڤەری ئاکرێیان کرد. دوا نیوەڕۆی هەمان رۆژ لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وەزیری کارەبا تیشکی خستە سەر بەرنامەو پلانی وەزارەتی کارەباو بەراشکاوانە وەڵامی پرسیارەکانی رۆژنامەوانی دایەوە.





sawen