3257 جار خوێندراوەتەوە 12/11/2014
وەزیری کارەبا پرۆژەی وێستگەی کارەبای خەباتی بەسەرکردەوە
وەزیری کارەبا : بەتەواوبوونی وێستگەی کارەبای خەبات 300 مێگاوات کارەبا بۆ تۆڕی نیشتمانی کوردستان زیاد دەکات
بەمەبەستی بەسەرکردنەوەی بەڕێوەچوونی کارەکانی پڕۆژەی وێستگەی هەڵمی کارەبای خەباتی ، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنج شەممە ڕێکەوتی 11/12/2014 دکتۆر سەڵاحەدین بابەکر وەزیری کارەباو بەیاوەری ژمارەیەک لە راوێژکاران و بەڕێوەبەرانی گشتی کارەبا سەردانی وێستگەی کارەبای خەباتی لەقەزای خەبات کردوو لەگەڵ سەرپەرشتیارانی وێستگەکە کۆبووەوە. سەرەتا لەلایەن بەڕێوەبەری کۆمپانیای بۆسکۆ و شارەزایان و بەڕێوەبەرانی وێستگەکە پێشوازى لە وەزیری کارەبا و شاندی یاوەرى کرا، لەم کۆبوونەوەیەدا وەزیری کارەبا ئامانجی سەردانەکەى خستەڕوو کە بەسەرکردنەوەی کارەکانی پرۆژەی وێستگەی کارەبای خەباتە، کە پرۆژەیەکی ئابووریانەیە ( 300 ) مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنرێت و نزیکەی لە 50%ی پرۆژەکە بەسەرکەوتوویی تەواوبووە. لەتەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا وێرای دەستخۆشی و بەرز هەڵسەنگاندنی کارەکانی کۆمپانیای بۆسکۆ، وەزیری کارەبا ئاماژەی بەوەدا کە کۆمپانیای ناوبراو توانیویەتی بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کارەبا ڕۆڵیان لە سەرکەوتوونی بەڕێوەچوونی کارەکان هەبێت ، هەر لەو کۆبونەوەیەدا وەزیری کارەبا باسی لە پڕۆژەو پلانی وەزارەتی کارەبا بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا کردوو پێی وابوو گەر پێتوو بڕە سوتەمەنی پێویست بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا دابین بکرێت ئەوا دەتوانرێت لەگرفتی بارگرانی سەر تۆڕەکانی کارەبا دەرباز بین و ماوەکانی پێدانی کارەبا زیاد بکەین . دواتر وەزیری کارەبا بەشەکانی وێستگەکەی بەسەرکردەوەو بەووردی گفتوگۆی لەگەڵ ئەندازیاران و کارمەندانی وێستگەکە کردوو داوای لێکردن بەزووترین کات بەشەکانی تری وێستگەکە تەواو بکرێت .




sawen