2999 جار خوێندراوەتەوە 4/26/2016
پرۆژەی وێستگەی گۆڕینی 400 كی ڤی لە هەریر دادەمەزرێت و هێڵی 400 كی ڤی (هەولێر- خەبات- هەریر)یش كرایەوە
هۆگر شاڵی بریكاری وەزارەتی كارەبا: بەتەواوبوونی هەردوو پرۆژەی وێستگەو هێڵی 400 كی ڤی تەواوی دەڤەری سۆران و شەقڵاوەو چۆمان و سیدەكان و مێرگەسور گرفتی ڤۆڵتیەیان نامێنێت
بەمەبەستی دیاریكردنی شوێنی وێستگەی گۆڕینی 400 كی ڤی هەریر كە پێویستە جێبەجێ بكرێت؛ رێكەوتی 26/4/2016 هۆگر شاڵی بریكاری وەزارەتی كارەبا بەیاوەری شاندێكی وەزارەت سەردانی هەریر و سۆرانی كرد سەرەتا لەلایەن بەڕێوەبەری ناحیەی هەریرو پەرلەمانتار هێڤا حاجی میرخان و ژمارەیەك لە ئەندازیارانی كارەبا پێشوازی لێكرا. دواتر بەیاوەری بەڕێوەبەرانی گشتی پلاندانان و گواستنەوەو كارەبای هەولێر سەردانی شوێنی دروستكردنی پرۆژەی وێستگەی گۆڕینی 400 كی ڤی كرد، بریكاری وەزارەتی كارەبا لە وتەیەكیدا باسی لە پێویستی جێبەجێكردنی ئەم پرۆژە گەورەیەی كرد كە 50 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان كراوە، كە دوای تەواو بوونی پرۆژەكە تەواویی دەڤەری سۆران و سەرجەم تۆڕی كارەبای نیشتمانی كوردستان لێی سوودمەند دەبن و كێشەی ڤۆڵتییەو بارزۆری لەسەر وێستگەكانی ناوچەكە نامێنێت، كە لەئێستادا ئەگەر بڕی وزەی بەرهەمهاتووی كارەباش هەبێت لەوێستگەكانی ناوچەكەوە تەنیا دەتوانرێت 12 كاتژمێر كارەبا بەهاوڵاتیان بدەن، چونكە ناتوانرێت لۆدی زیاتر لەهێڵەكانی وێستگەكانی 132 كی ڤی بار بكرێت، ئەمە جگە لەوەی دوای تەواوبوونی پرۆژەكە سەرجەم وێستگەكانی گۆڕینی 132 كی ڤی لەناوچەكە بەم وێستگەیەوە دەبەسترێتەوە. لەلایەن خۆشیەوە بەڕێوەبەری ناحیەی هەریر سوپاسی وەزارەتی كارەبای كرد كە بەبەردەوام لەهەوڵی پێشخستنی سێكتەرەكانی گواستنەوەو دابەشكردنی كارەبادان بەتایبەتی چارەسەركردنی گرفتی ئۆڤەرلۆد و بارزۆری سەر وێستگەكانی لەناوچەكەیاندا.
هەر هەمان رۆژ هۆگر شاڵی و شاندی یاوەری گەیشتنە شاری سۆران و لەلایەن كرمانج عزەت قایمقامی قەزاكەوە پێشوازیان لێكراو لەمەراسیمێكیدا هێڵی 400 كی ڤی (هەولێر - خەبات- هەریر)ی كردەوە، لەوتەیەكیشیدا بۆ رۆژنامەوانان هۆگر شاڵی بریكاری وەزارەتی كارەبا باسی لەگرنگی هەردوو پرۆژەكە كردوو وتی : (دانانی ئەم دوو پرۆژەیە بۆ هاوڵاتیانی دەڤەری سۆران و چۆمان و سیدەكان و مێرگەسور گرنگیەكی رادەبەدەری هەیە چونكە ئێستا لەبەر كێشەی ڤۆڵتییە بەتەواوەتی ناتوانرێت سوود لەكارەبای بەرهەمهاتوو وەربگیرێت، ئەم دوو پرۆژەیەش لەچوارچێوەی پرۆژەكانی وەزارەتی كارەبا دێت كە بۆ پێشخستن و پەرەپێدانی سێكتەری گواستنەوەو دابەشكردنی كارەبا لەدەڤەرو ناوچە جیاجیاكانی كوردستاندا جێبەجێی دەكرێت.





sawen