700 جار خوێندراوەتەوە 11/2/2016
بەمەبەستی تاوتۆکردنی پرۆژەی پێوەری زیرەک کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەنێوان هەردوو وەزارەتی کارەباو گواستنەوەو گەیاندن بەڕێوەچوو
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ هۆگر شاڵی بریکاری وەزارەتی کارەبا بەیاوەری شاندێکی باڵا سەردانی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی کردوو لەلایەن مەولود موراد وەزیری گواستنەوەو گەیاندن ( بەوەکالەت ) پێشوازی لێکرا، لەو دیدارەدا کە هەریەک لەبەڕێوەبەری گشتی پۆستەو گەیاندن و راوێژکارو بەڕێوەبەرانی گشتی وەزارەتی کارەبا ئامادەیبوون، بریکاری وەزارەتی کارەبا ئامانجی سەردانەکەی خستەڕوو بۆ هاوکاریکردنی نێوان هەردوو وەزارەت بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی پێوەری زیرەک Smart meter لەبواری کارەباو رۆڵی تەکنەلۆژیای زانیاری لەپێکهاتەی ئەو پرۆژەیەدا، وەزیری گواستنەوەو گەیاندن ئامادەیی وەزارەتی دەربڕی بۆ هەماهەنگی و هاوکاریکردنی وەزارەتی کارەبا لەو پرۆژەیەو هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن. هەر لەمیانەی ئەو سەردانە کۆبوونەوەی تەکنیکی بەڕێوەچوو بۆ دۆزینەوەو رێککەوتن لەسەر میکانیزمی دیاریکردنی فریکۆنسی بۆ ئیدارەکردن و کۆنترۆڵکردنی پرۆژەی پێوەری زیرەکی کارەبا. ئەو پرۆژەیە لەسەر پێشنیاری بانکی نێودەوڵەتی و لەچوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی وەزارەتی کارەبا بۆ ریفۆرمی سێکتەرە جیاجیاکانی کارەبا جێبەجێ دەکرێت و هۆکارێکی سەرەکییە بۆ کۆنترۆڵکردنی بەکارهێنانی کارەبا و رێکخستنەوەی بەڕێوەبردنی سیستەمی کارەبا.

