1003 جار خوێندراوەتەوە 4/30/2017
پرێزینتەیشنێكی تایبەت بە گەیاندن و زانیاری لەنێوان وەزارەتی كارەباو بانكی نێودەوڵەتی بەڕێوەچوو
لەچوارچێوەی هەنگاوەكانی ریفۆرم لەكەرتی كارەبا كە ماوەیەكە لەنێوان وەزارەتی كارەباو شارەزایانی بانكی نێودەوڵەتی دەستی پێكردووە، ئەمڕۆ لەهۆتێل دیوان بەئامادەبوونی هۆگر شاڵی بریكاری وەزارەتی كارەبا پرێزنتەیشنێكی تایبەت بە گەیاندن و زانیاری لەنێوان وەزارەتی كارەباو بانكی نێودەوڵەتی بەڕێوەچوو، كە تێیدا راوێژكارانی بانكی نێودەوڵەتی و راوێژكارو بەڕێوەبەرانی گشتی وەزارەتی كارەبا ئامادەیبوون و، بەتێروتەسەل باس لە هەنگاوەكانی ریفۆرم لەكەرتی كارەبا كرا بەتایبەتی بواری راگەیاندن و رۆڵی لە گەیاندنی داتاو زانیاری و رێنماییەكان كە رۆڵێكی گرنگی لە پتەوكردنی متمانەی نێوان حكومەت و هاوڵاتیان و كەمكردنەوەی زیادمەسرەفی لەبەكارهێنانی كارەبا هەیە. لەلایەن خۆشیەوە بریكاری وەزارەتی كارەبا دەستخۆشی لەهەوڵەكانی بانكی نێودەوڵەتی كردوو ئومێدی خواست وەزارەت سوود لە پێشنیارو بۆچوونەكانیان وەربگرێت و خەرجیەكانی سەرشانی حكومەتیش لەم دۆخە ناهەموارو قەیرانەدا كەم بكرێتەوە، داواشی لەبەڕێوەبەرایەتییە گشتیەكانی وەزارەت كرد گرنگیەكی زیاتر بەكارمەندانی راگەیاندن بدەن بۆ ئەوەی ببنە پردێكی بەهێزی پەیوەندی لەنێوان وەزارەت و هاوڵاتیان و رۆڵی زیاتریان لە هۆشیاری بەكارهێنانی ئابوورییانەی كارەبا هەبێت.
لەكۆتایی پریزنتەیشنەكەدا شارەزایانی بانكی نێودەوڵەتی وێڕای سوپاس و پێزانینیان بۆ وەزارەتی كارەبا، بەڵێنیان دا لە بۆچوون و پێشنیارەكانیاندا رەچاوی دۆخی ئابووری هەرێمی كوردستان بكەن و هەنگاو بەهەنگاو هەوڵەكانی رادەستكردنی كەرتی دابەشكردنی كارەبا بەكەرتی تایبەت و كەمكردنەوەی خەرجیەكان دەست پێبكەن.

sawen