1578 جار خوێندراوەتەوە 7/29/2018

وێستگەی ناوەندی 400 كی ڤی بازیان كرایەوە

نێچیرڤان بارزانی: به‌ پشتگیریى دڵسۆزان و دۆستانى گه‌لى كوردستان به‌سه‌ر قه‌یران‌ و گرفته‌كاندا زاڵ دەبین

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٩/٧/٢٠١٨، لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ژماره‌یه‌ك له‌ وه‌زیر و به‌رپرسانی حكوومه‌تی هه‌رێم و كونسولی وڵاتانی بیانی، وێستگەی کارەباییی ٤٠٠ کەیڤی لە بازیان کرایەوە.
لە ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا بەڕێز سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان وتارێکی پێشکەش کرد و تیایدا ویڕای پیرۆزباییی تەواوبوونی پڕۆژه‌ى وێستگه‌ى (400) كه‌یڤى له‌ بازیان و دەستخۆشی لە هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکان، كۆمپانیاى نه‌وتى نیشتمانیى كۆرى و كۆمپانیاى جێبه‌جێكار (پۆسكۆ)ى كۆرى بۆ بەئەنجامگەیاندنی کارەکانی ئەو پڕۆژەیە، هیوای خواست پڕۆژەکە یارمەتیدەر بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنى به‌شێكى كێشه‌ى كاره‌با له‌ هه‌رێمى كوردستان بەگشتی و ناوچەکە بەتایبەتی. لەو بارەیەوە، سوپاسی خەڵکی ناوچەی بازیان و ئەو کەسایەتییانەی کرد کە ڕۆڵی ئەرێنییان هەبوو لە چارەسەرکردنی کێشەی زەوی و زار و قەرەبووکردنەوە بۆ تەواوبوونی پڕۆژەکە.
بەڕێزیان ئامادەبوونی کونسوڵی وڵاتانى لە ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا بە نیشانەی پشتیگیریی ئەوان بۆ هەرێمی کوردستان زانی و سوپاسی تایبەتی ئاراستەی وڵاتی کۆریای باشوور کرد بەوەی کە ئەو پڕۆژەیە بەر لە دە ساڵ و لە کاتی سەردانیدا بۆ ئەو وڵاتە، لەلایەن سەرۆکی ئەوکاتی کۆریاوە ڕەزامەندی لەسەر نیشان دراوە و ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لە داهاتوویەکی نزیکدا پڕۆژەیەکی دیكه‌ى كاره‌با له‌ خه‌بات ده‌كرێـه‌وه‌ كه‌ بڕى (300) مێگاوات كاره‌با به‌رهه‌م ده‌هێنێت.
بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، ڕوونیكرده‌وه‌ پڕۆژەی وێستگەی کارەبای ٤٠٠ کەیڤی لە بازیان بەشێکه‌ لە تۆڕی بەرفراوانی کەرتی کارەبا کە پێشتر لەلایەن حكوومه‌تەوە پلانى بۆ دانرابوو، بەڵام بەهۆی شه‌ڕ و قه‌یرانى داراییه‌وه‌، کارەکانی دواکەوتبوو، هه‌روه‌ها دووپاتی کردەوە حكوومه‌تى هه‌رێم به‌ پشتگیریى دڵسۆزانى گه‌لى كوردستان هه‌وڵى داوه‌ به‌سه‌ر گرفته‌كاندا زاڵ بێت و بەردەوام بێت لە ئەنجامدانی پڕۆژەکان، بەتایبەتی کەرتی کارەبا کە بەهۆی کێشەی زۆر جددییەوە، لەوانە خواستى زیاتر له‌سه‌ر كاره‌با، هەروەها شەڕ و قەیرانەکان، نەتوانراوە وەک پێویست پلانەکانی حکوومەت جێبەجێ بکرێن. لەوباره‌یه‌وه‌ ئاماژەی بە هەنگاوەکانی حکوومەت کرد بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی کارەبا لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان و کەمکردنەوەی کێشەکانی کەرتی کارەبا لە هەرێمی کوردستان و هاندانی کەرتی تایبەت بۆ وەبەرهێنان و ئەنجامدانی پڕۆژەی گەورە لە کەرتی کارەبادا.
بەڕێزیان، دڵنیایی دایە خەڵکی کوردستان کە دوای سەرکەوتن لە شەڕی تیرۆر و تێکشکاندنی پیلانی ناحەزان کە بە خۆڕاگریی خەڵک و گیانفیداییى پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان هاتە ئاراوە، ڕۆژە سەختەکان تێپەڕ دەبن و حکوومەتیش بەپێی توانا سەرلەنوێ کار دەکات بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان.
بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، باسی لە جێبەجێکردنی سیستمى پێوه‌رى زیره‌ك کرد بۆ كۆنترۆڵى به‌كارهێنانى وزەی كاره‌با کە ڕۆڵى گه‌وره‌ى ده‌بێت له‌ ڕێكخستنه‌وه‌ى دابه‌شكردنى كاره‌با و زیادبوونى كاژێره‌كانى پێدانى كاره‌باى نیشتمانى بە هاووڵاتییان و لە ئەنجامدا كولتوورى ده‌سپێوه‌گرتن و ئیسرافنه‌كردن له‌ به‌كارهێنانى كاره‌با، جێگەی زێده‌ڕۆیى و سه‌رپێچیكردن‌ له‌ به‌كارهێنانى كاره‌با لە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و لەو ڕووەوە ڕۆڵی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی بە پێویست زانی لە وشیارکردنەوەی هاووڵاتیان لەسەر دوورکەوتنەوە لە زێدەڕۆیی و بەهەدەردانی کارەبا.
سەبارەت بە پڕۆژەی وێستگەی کارەبای ٤٠٠ کەیڤی لە بازیانیش، بەڕێز سەرۆک وەزیران ڕایگەیاند ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ سوودی دەبێت بۆ هه‌موو تۆڕى كاره‌باى نیشتمانى له‌ هه‌رێمى كوردستان، لەگەڵ ئەوەشدا سوودی تایبەتی هەیە بۆ ناوچەی بازیان وەک ناوچه‌یه‌كى پیشه‌سازی و هیوای خواست پڕۆژه‌ى دیكه‌ش له‌ بواره‌كانى دیكه‌دا له‌ ناوچه‌ی بازیان بکەونە واری جێبەجێکردنەوە و خەڵکی ناوچەکەشی بەهۆی مێژووی پرشنگداریانەوە لە شۆڕش و خه‌باتدا، بە شایانی كار و خزمه‌ت و پڕۆژه‌ى زیاتر وەسف کرد. هاوکات لە چوارچێوەی كاروانى ئاوه‌دانى و كار و خزمه‌تی به‌رده‌وامی حكوومه‌تی هەرێمی کوردستاندا، جەختی لەسەر ئەنجامدانی پڕۆژەی خزمەتگوزاری کردەوە لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان.
بەڕێزیان، نیشتمان و حكوومه‌ت و دامه‌زراوه‌كانی بە موڵكى خه‌ڵكى كوردستان دانا و بوونی هەر جۆرە جیاكارییەکى له‌نێوان ناوچه‌یه‌ك و ناوچه‌یه‌كى دیكه،‌ یان پارێزگایه‌ك و پارێزگایه‌كى دیكه‌ی ڕەتکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە خەڵکانێک ناکۆکیی سیاسی و ململانێ حزبییەکان بۆ مەرامی سیاسیی خۆیان بەکار دێنن و هەوڵی بڵاوکردنەوەی بێ بڕوایی و بێ متمانەیی لەنێوان خەڵک و حکوومەتدا دەدەن. بڵاوكردنه‌وه‌ى ڕۆشنبیرى و كولتوورى ڕه‌تكردنه‌وه‌ى هه‌موو شتێكی ئەو کەسانەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە خۆیان له‌ ده‌سه‌ڵاتدا نین و متمانه‌ى خه‌ڵكیان به‌ده‌ست نه‌هێناوه‌.
لەوباره‌یه‌وه‌، خه‌ڵكى كوردستانی زۆر له‌وه‌ هۆشیارتر و به‌ئاگاتر وەسف کرد کە فریوی ئه‌و گوتاره‌ ڕه‌شه‌ نائومێدانە بخۆن و خۆڕاگری لە بەرامبەر سەختی و قەیرانەکانی چەند ساڵی ڕابردووی بۆ ئاگایى و هۆشیاری و تێگه‌یشتنى خه‌ڵكى كوردستان بۆ دۆخه‌كه‌ گەڕاندەوە کە وای کرد حکوومەتی هه‌رێمى كوردستان به‌رگه‌ى شه‌ڕ و قه‌یرانه‌کان بگرێت و بڕوا و متمانەی خۆی‌ له‌ده‌ست نه‌دات، چونکە حکوومەت دڵنیابوو لە پشتگیریی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان.
لە وتارەکەیدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی جارێکی دیکە ڕێز و سوپاس و پێزانینى حكوومه‌تی بۆ سەرجەم خه‌ڵك و مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى كوردستان دووپات کردەوە كه‌ بە هه‌ڵوێستى دڵسۆزانه‌ و جوامێرانه‌ى نیشتمانی، ئه‌وپه‌ڕى تێگه‌یشتنیان هەبووە بۆ دۆخ و مه‌ترسییه‌كانى سه‌ر هه‌رێمى كوردستان، ئەوەش وای کرد کە حکوومەت بتوانێت لەسەر پێی خۆی ڕابوەستێت. هەروەها سوپاس و ڕێز و پێزانینی دەربڕی بۆ پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و خۆبه‌خشان کە بوونە هۆکاری پاراستنی ده‌سكه‌وته‌كانى هه‌رێمى كوردستان و سه‌رى ڕێز و نه‌وازشی دانەواند بۆ شه‌هیدان و سڵاو و ڕێز و خۆشه‌ویستیشی نارد بۆ خانه‌واده‌ و كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزی شەهیدانی کوردستان.
بەڕێز سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆتاییی وتارەکەیدا لە ڕێوڕه‌سمى کردنەوەی وێستگەی کارەبای ٤٠٠ کەیڤی لە بازیان، سەرەڕای بە ئاسایی نیشاندانی ناكۆكى و ڕكابه‌ری لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا، جەختی لەسەر پێویستیی یەکڕیزی و تەباییی لایەنەکان کردەوە لەپێناو پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیى هه‌رێمى كوردستان. له‌ پرسه‌ چاره‌نووسسازه‌كانیشدا بۆ به‌ده‌ستهێنان و زامنكردنى مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان لە بەغدا، پێکەوەبوون و یەکڕیزی و تەبایی بە گرنگ و پێویست لەقەڵەم دا و لەو ڕووەوە داوای لە لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان کرد بە وەلانانی كێشه‌ و ناكۆكییه‌ سیاسییه‌كانى نێوانیان، وه‌ك تیمێك بچنە بەغدا بۆ پاراستن و بەرگریکردن لە ماف و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى گه‌لى كوردستان.
له‌ كۆتاییدا دووباره‌ ده‌ستخۆشی له‌ ئه‌نجامدانی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ كرد و سوپاسی به‌ڕێز هۆشیار سیوه‌یلى كرد كه‌ كاتێك وه‌زیری كاره‌با بووه‌ هه‌وڵی زۆری دا بۆ به‌جێگه‌یاندنی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌.
لەو مەراسیمەدا هۆگر شاڵی بریكاری وەزیری كارەبا وێڕای بەخێرهاتنی میوانەكان وتارێكی پێشكەش كرد ئەمە دەقی وتارەكەیەتی : بەڕێز جەنابی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ، بەڕێز جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، بەڕێز كونسوڵی گشتی كۆریای باشور، بەڕێز نوێنەری كۆمپانیای KNOC، بەڕێز نوێنەری وەزارەتی سامانە سروشتیەكان، میوانە بەڕێزەكان ،پیاوە ماقوڵانی ئەم ناوچەیە -- خوشك و برایانی ئازیز - بەخێرهاتنێكی گەرمتان ئەكەم ...
بەخۆشخاڵیەوە كۆدەبینەوە بەمەبەستی كردنەوەی فەرمی پرۆژەی وێستگەی ناوەندی 400 كی ڤی بازیان .
ئەم پرۆژەیە یەكێكە لەو پرۆژانەی كە لە چوارچێوەی پرۆژەكانی هاوكاری پەیوەست بە ژێرخانی سێكتەری كارەبا بەبودجەی نزیكەی 663 ملیۆن دۆلار لەچوارچێوەی گرێبەستی نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی كۆری KNOC تەرخانكراوە.
ئەم بودجەیە دوو پرۆژەی گرنگ لەخۆدەگرێ یەكێكیان ئەم پرۆژەیەیە بە گوژمەی 63 ملیۆن و 250 هەزار دۆلار، پرۆژەی دووهەم پرۆژەی وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبای هەڵمی خەباتە بە بودجەی نزیكەی 600 ملیۆن دۆلار كە بەم زوانە تەواو ئەبێت، وە 300 مێگاوات كارەبای نیشتمانی زیاد دەبێت. پرۆژەی ویستگەی 400 كی ڤی بازیان بەئاستێكی تەكنەلۆژیای سەردەمانە جێبەجێ كراوە، لەسەتاوە نزیكەی 230 هەزار كارمەند كاری تێدا كردووە، بەتێكڕاش 230 كارمەند لەرۆژێكدا كاریان كردووە و زیاتر لە 50% كارمەندی ناوخۆیی بووە و بەتایبەتی خەڵكی ناوچەكە لەم پرۆژەیە سودمەند بوون و بەشدارییان تێدا كردووە و سەرچاوەیەكی ئابووری باش بووە بۆ خەڵكەكە بەتایبەتی لەرۆژە سەختەكانی دوای 2014 دا.
وەزارەتی كارەبا بەپێی ماستەرپلانی وەزارەت كە داڕێژراوبوو بەهاوكاری كۆمپانیای جیهانی (PB) كە بەشێوەیەكی بازنەیی هەموو كوردستان بەهێڵی 400 كی ڤی ببەستێتەوە بەیەكەوە، ئەم پلانە چەند وێستگەیەكی ناوەندی 400 كی ڤی و هێڵی 400 كی ڤی لەخۆگرتبوو كە ئەم پرۆژەیە بەشێكە لەو پلانە.
بەڕێزان حكومەتی هەرێم هەمیشە پاڵپشتی سێكتەری كارەبای كردووە تەنانەت لەرۆژە سەختە داراییەكانیشدا، بەمەبەستی راگرتنی بارودۆخی كارەبا لەهەرێم دا، هەرچەندە خواستی حكومەت ئەوەبوو كە كارەبای بەردەوام پێشكەش بە هاوڵاتیان بكرێت بەڵام بەهۆی گرفتی دارایی ئەو خواستە جێ بە جێ نەكراوە.
ئەم وێستگە 400 كی ڤی یە كە یەكێكە لەسەرمایەی نیشتمانی و موڵكی سەرجەم هاوڵاتیانی كوردستانەو پاراستنی ئەركی سەرشانی هەمووانە ، بەتایبەتیش دانیشتوانی ئەم دەڤەرە، بەڵام ئەم وێستگەیە كاریگەری دەبێت لەسەر سەقامگیری سیستەمی كارەبا و بەكارهێنانی وە گواستنەوەی كارەبای بەرهەم هاتوو لە ناوچەكەدا.
لەكۆتاییدا سوپاسی سەرجەم دانیشتوانی ئەم ناوچەیە دەكەم ؛ بەتایبەتی پیاوە ماقوڵانی ئەم ناوچەیە كە هەمیشە پاڵپشت و هاوكار بوون لەچارەسەركردنی كێشە كۆمەڵایەتییەكان.
سوپاسی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان دەكەین، كە دابینكەریی دارایی ئەم پرۆژەیە بووە، سوپاسی سەرجەم كارمەندانی وەزارەتی كارەبا دەكەین بەتایبەتی بەڕێوەبەرایەتیەكانی گشتی كارەبای پارێزگای سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی گواستنەوە بۆ كارو ماندووبوونیان - سوپاسی پارێزگای سلێمانی و ئاسایشی سلێمانی و قایمقامی چەمچەماڵ و سەرجەم بەڕێوەبەرانی ناحیەكانی ئەم ناوچەیە دەكەین ، كە هاوكارو پشتگیرمان بوون بۆ سەركەوتنی پرۆژەكە.
سوپاسی كۆمپانیای بۆسكۆی كۆری و كۆمپانیای KNOC بۆ هاوكاری و پشتگیرییان ، هەروەها كۆمپانیای OE بۆ هاوكارییان لەبواری راوێژكاریدا
لەكۆتایی دا سوپاسی بەڕێزان سەرۆك و جێگیری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ئەكەین بۆ پاڵپشت و هاندانمان بۆ جێبەجێكردنی ئەم پرۆژە ستراتیژییە .
دووبارە بەخێربێن و سوپاس

1910162972018_1.jpg

4110162972018_2.jpg

411162972018_3.jpg

3711162972018_4.jpg

1113162972018_5.jpg

 

 

 

sawen

Copyright © 2012 www.krgelectric.org Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure