806 جار خوێندراوەتەوە 7/23/2019
ئەندازیار کەمال محمد وەزیری کارەبا جەختی لەسەر دانانی بەرنامەی کاری وەزارەتی کارەبا کردەوە
ئەندازیار کەمال محمد وەزیری کارەبا پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەنووسینگەی خۆی لەگەڵ بریکاری وەزارەتی کارەبا و راوێژکارو بەڕێوەبەرانی گشتی کارەبا کۆبووەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا بەتێروتەسەل باس لە گرنگی دانانی بەرنامەی کاری وەزارەتی کارەبا کرا کە بەزووترین کات ئامادە بکرێت و بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرزبکرێتەوە، وەزیری کارەبا داوای لەسەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتیەکانی وەزارەت کرد لەو کارنامەیەدا بەووردی و زانستی هەموو کەموکورتی و گرفت و کێشەکان بخرێتەڕوو، هاوکات پێشنیارەکانیش بۆ چارەسەرکردنی هەموو ئەو گرفت و کێشانە دابنرێت کە لەسێکتەرەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوەو دابەشکردن و کۆنترۆڵی کارەبادا هەیە، بۆ ئەوەی وەزارەتی کارەبا بتوانێت لەچوارچێوەی ئەو کارنامەیەدا لەچوار ساڵی داهاتوودا بودجەی پێویست دابنێت لەپێناو چارەسەرکردنی تەواویی گرفت و کێشە تەکنیکیەکان.
هەر هەمان رۆژ ئەندازیار کەمال محمد وەزیری کارەبا پێشوازیی لە نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر و شاندی یاوەری کرد، لەو دیدارەدا پارێزگاری هەولێر وێڕای پیرۆزبایی لە وەزیری کارەبا لە پۆستی نوێی دا ئومێدیان خواست لەکارەکانیدا سەرکەوتوو بێت، لەتەوەرێکی دیدارەکەدا باس لە گرنگترین ئەو پرۆژانە کرایەوە کە لە پارێزگای هەولێر لەبواری جێبەجێکردندایەو وەزیری کارەبا بەڵێنی دا وەزارەتەکەی لەگەڵ سەرجەم پارێزگاکانی کوردستاندا وەکو یەک تیم کار بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکانی کارەبا و چارەسەرکردنی هەموو کەموکورتیەکان بکەن.



sawen