925 جار خوێندراوەتەوە 9/19/2019

وەزیری کارەبا لە کۆربەندی وزە لە بەغداد: وەزارەتی کارەبا ئامادەی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانێتی لەگەڵ وەزارەتی کارەبای عێراقدا

سێ شەممە رێکەوتی 17ی ئەیلوول ئەندازیار کەمال محمد ساڵح وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆربەندی وزە لە شارى بەغدا داوای لە حکومەتی عێراق کرد سوتەمەنی پێویست بۆ ئەو یەکانەى وێستگەکانی کارەبا دابین بکەن بەو پێیەی بەگەڕخستنی ئەو یەکانە لەبەرژەوەندی تەنیا هەرێمی کوردستان دایە نییە بەڵکو لەبەرژەوەندی هەموو هاوڵاتیانی عێراقە، بەتایبەتی لەکاتێکدا کە تا ئێستا لەسەرووی یەک ملیۆن ئاوارەو پەناهەندە لەهەرێمدان و کەمپەکانی ئاوارەکان کارەبایان بۆ دابین دەکرێت و هەردوو شاری موسڵ و کەرکوکیش بەپێی توانا بڕە کارەبایان دەدرێتێ.
ئەم لێدوانەی وەزیری کارەبا لە وتەی سەرەکی کردنەوەی کۆربەندی پێنجەمی وزە لەهۆتێل رەشدی لە بەغدا دێت کە هەریەک لە زامر غەسبان وەزیری نەوت و لوئەی خەتیب وەزیری کارەبای عێراق و چەندین کەسایەتی و بەرپرسی کۆمپانیا گەورەکانی وزە بەشدار بوون ، ئەندازیار کەمال محمد ساڵح وەزیری کارەبا لە وتەیەکیدا لە کردنەوەی کۆربەندەکە ئامادەیی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستانی دەربڕی بۆ هەماهەنگی و بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وەزارەتی کارەبای عێراقدا بەتایبەتی لە ئێستادا کە 10 یەکەی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بەهۆی خراپی باری دارایی و نەبوونی سوتەمەنییەوە ناتوانرێت بخرێنە کار ، ئەمە وێڕای ئەوەی توێژینەوە لە 10 ناوچەی جۆراوجۆر هەیە کە دەکرێت بەنداوو وێستگەی هایدرۆباوەری لێ دروست بکرێت . لەتەوەرێکی قسەکانیدا وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە هەوڵ و پرۆژەکانی وەزارەتی کارەبا کرد کە سەرەڕای قەیرانی دارایی بەڵام لەبەرهەمهێنانی کارەبا بەردەوام بوون، هاوکات بوونی زیاتر لە یەک ملیۆن ئاوارە کە بۆ دابینکردنی کارەباو پاڵپشتیکردنی نرخی تێچوونی ئەو کارەبایەی بۆیان دابین دەکرێت 130 ملیار دینار لەسەر حکومەت دەکەوێت بارگرانیەکی دیکەیە لەسەر شانی وەزارەتی کارەبا، ئەمە جگە لەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی کارەبای ناوچە جێناکۆکەکان کارەبا بەهەریەک لەموسڵ و کەرکوک دەدات بۆ پارێزگای موسڵ 350 بۆ 400 مێگاوات و پارێزگای کەرکوک 100 مێگاوات، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە بوونی هاوکاری و هەماهەنگی لەنێوان هەردوو وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقدا بە پاڵپشتی وەزارەتی نەوت دەبێتە هۆی بەگەڕخستنی تەواویی یەکەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا.
ئەمەو لەپەراوێزی کۆربەندەکەدا وەزیری کارەبا و بەڕێوەبەری گشتی بەرهەمهێنانی کارەبا و شاندی یاوەری چەندین دیدارو چاوپێکەوتنی دیکەیان لەگەڵ بەرپرسانی حکومی و بەرپرسی گەورە کۆمپانیاکانی کارەبا و وزە ئەنجام دا.
دەقی لێدوانەکەی ئەندازیار کەمال محمد ساڵح وەزیری کارەبا لە کۆربەندی وزە لەبەغدا

بۆ بینینی كۆر به‌نده‌كه‌ كلیك له‌م لینكه‌ی خواره‌وه‌ بكه‌ :

https://www.youtube.com/watch?v=h3h6MQX-tNg&feature=youtu.be

 

3257202092019_1.jpeg

152202092019_2.jpeg

5252202092019_4.jpeg

1653202092019_3.jpeg

4253202092019_5.jpeg

441061992019_ووزه‌.2.jpg

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

sawen

Copyright © 2012 www.krgelectric.org Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure