2418 جار خوێندراوەتەوە 10/7/2019
کێشەی بارزۆری لە سەر کارەبای چۆمان چارەسەر دەکرێت
بەپێی گرێبەستێکی نێوان وەزارەتی کارەبا و کۆمپانیای سەرسەنگ محاویلەیەکی 11/33 کەی ڤی قەبارە 16MVA بۆ وێستگەی چۆمان دادەنرێت و کێشەی بارزۆری لەسەر وێستگەی چۆمان چارەسەر دەکرێت.
ئەمڕۆ رێکەوتی 7/ 10/2019 ئەندازیار کەمال محمد ساڵح وەزیری کارەبا لەنووسینگەی تایبەتی خۆی گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای ( سەرسەنگ ) واژوو کرد بۆ دابینکردنی محاویلەیەکی 11/33 کەی ڤی قەبارە 16MVA بۆ وێستگەی چۆمان لەسنووری پارێزگای هەولێر کە بەگوژمەی 332 ملیۆن و 850 هەزار دینار لەماوەی 120 رۆژدا جێبەجێ دەکرێت، بەجێبەجێکردنیشی کێشەی بارزۆری لەسەر وێستگەی چۆمان چارەسەر دەکرێت.
لەمیانەی ئیمزاکردنی گرێبەستەکەدا کە بەڕێوەبەرانی گشتی دابەشکردن و گواستنەوەو بەڕێوەبەری گشتی کارەبای پارێزگای هەولێر ئامادەی بوون ، وەزیری کارەبا پیرۆزبایی لە کۆمپانیای ناوبراو کرد و داوای لێکردن لەرووی کوالێتی و کاتەوە پابەندی تەواوی بڕگەکانی ناو گرێبەستەکە بن، چونکە لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان و هەڵکشانی خواست کێشەی بارزۆری لەو ناوچەیەدا روودەدات .
لەلایەن خۆشیانەوە کۆمپانیای ناوبراو سوپاسی وەزارەتی کارەبای کردوو بەڵێنی دا لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا تەواویی بڕگەکانی ناو گرێبەستەکە جێبەجێ دەکەن.



sawen