864 جار خوێندراوەتەوە 11/19/2019
وەزیری کارەبا وێستگەی خۆرمەڵەی بەسەرکردەوە
بەمەبەستی بەسەرکردنەوەی وێستگەی خۆرمەڵە و لەنزیکەوە ئاگاداربوون لەبەرنامەو پلانەکانی زیادکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئەندازیار کەمال محمد ساڵح وەزیری کارەبا بەیاوەری راوێژکارو بەڕێوەبەری گشتی بەرهەمهێنانی کارەبا لەناحیەی شەمامک وێستگەی کارەبای خۆرمەڵەی بەسەرکردەوە، لەلایەن بەڕێز شێخ باز سەرۆکی ئەنجومەنی کارگێڕی کۆمپانیای کار پێشوازی لێکرا. لەو سەردانەیدا وەزیری کارەبا کێڵگەکانی غاز و یەکەکانی چاککردنەوەو کۆنترۆڵ و بەگەڕخستنی وێستگەکەی بەسەرکردەوەو لەنزیکەوە لەگەڵ ئەندازیاران و سەرپەرشتیارانی بەشەکان باسیان لەدوا هەنگاوەکانی فراوانکردنی وێستگەکەیان کرد، کە بڕیارە لەماوەیەکی نزیکدا 50 مەق مەق بەرهەمهێنانی غازی سروشتی زیاد بکەن کە دەبێتەهۆی زیادبوونی 200 مێگاوات کارەبا.
لەکۆبوونەوەیەکیشدا وەزیری کارەبا رایگەیاند وەزارەتی کارەبا پاڵپشتی هەموو پرۆژەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبان کە لەلایەن کۆمپانیاکان و کەرتی تایبەتەوە ئەنجام دەدرێت هەربۆیە وێڕای سوپاسی کۆمپانیای کار کە لەماوەی رابردوودا توانیوێتی بەشێوەیەکی رێکوپێک کاروبارەکانی بەڕێوەبەرێت و سەرەڕای قەیرانی دارایی کارەکانی لەبواری بەرهەمهێنانی کارەبا رانەوەستاندوە، داواشی کرد هەر بە هەمان شێوە کۆمپانیای ناوبراو بەشێوەیەکی رێکوپێک پلانی زیادکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا جێبەجێ بکات.
لەلایەن خۆشیەوە شێخ باز سوپاسی وەزیری کارەبای کردوو سەردانەکەی بەگرنگ زانی و کە لەنزیکەوە ئاگاداریی پرۆژەکانی کەرتی تایبەتن و هاوکارو کارئاسانی بۆ پێشکەوتن و سەرکەوتنی پرۆژەکانیانن.





