954 جار خوێندراوەتەوە 11/24/2019
ئەندازیار كەمال محمد ساڵح وەزیری كارەبای هەرێم بۆ ( كوردستانی نوێ): میكانیزمێكی رێكوپێك و سەردەمیانە بۆ چارەسەركردنی كێشەی كارەبا پەیڕەو دەكەین
لەدیدارێكی تایبەتدا ئەندازیار كەمال محمد ساڵح وەزیری كارەبای حكومەتی هەرێمی تەحەدداكانی بەردەم كەرتی كارەبای باس كردوو ئەوەی نەشاردەوە كە چەندین تەحەددا لەبەردەم چارەسەركردنی كێشەی كارەبا هەیە، بەڵام وەزارەت میكانیزم و رێوشوێنی جۆراوجۆری گرتۆتە بەر بۆ رووبەرووبوونەوەی تەحەدییەكان و بنیاتنانی ژێرخانی كارەبا، ئەمەش كاتی دەوێت.. ئەم لێدوانەی وەزیری كارەبا لەچوارچێوەی دیمانەیەكی رۆژنامەنووس تەها عەبدوڵا لە رۆژنامەی ( كوردستانی نوێ ) هاتوو وەزیری كارەبا باس لەو كارو رێوشوێنانە دەكات كە وەزارەتی كارەبا لەچەند مانگی رابردوودا گرتویەتییە بەر. لەتەوەرێكی دیدارەكەیدا وەزیری كارەبا سەبارەت بەكەرتی بەرهەمهێنانی كارەبا ئاماژەی بە هەوڵەكانی گۆڕینی كاركردنی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا لەگازوایلەوە بۆ غازی سروشتی كردووە و لەمبارەیەوە وتی: لەڕووی بەرهەمهێنانی كارەباوە توانیومانە بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان سەرجەم وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا بەغازی سروشتی كار پێ بكەین، جگە لەوێستگەی كواشی لە دهۆكو هەردوو وێستگەی باعەدرێو تاسلوجە كە بە نەوتی رەش كار دەكەن، بەمەش پارەیەكی زۆر بۆ گەنجینەی گشتی گەڕاوەتەوە، چونكە بەرهەمهێنانی تەنیا (یەك) مێگاوات كارەبا بۆ یەك كاتژمێر بەغازی سروشتی 62 دۆلار تێچوونێتی، بەڵام بە گازوایل 130 دۆلار تێچونێتی، ئێستا بەتێكڕا نزیكەی 3100 مێگاوات كارەبا بەرهەم دەهێنین و ئەم بڕە كارەبایەش روو لەزیادبوونە.
لەڕووی دابەشكردنی كارەباشەوە وەزیری كارەبا ئاماژەی بەوە كردووە گرفتی كارەبا تەنیا بەرهەمهێنان نییە بەشی هەرە زۆری خراپی دابەشكردنە؛ بۆیە راستەوخۆ بەتیمێكی نوێو میكانیزمێكی تازە لەهەرسێ شاری هەولێر و سلێمانیو دهۆك دەستمان بەجێبەجێكردنی پڕۆژەی(تۆڕی زیرەك) كردووە، ئەم پڕۆژەیە زۆر پێشكەوتووەو كۆتایی بەسەرپێچیەكانی سەر كارەبا دەهێنێتو بەشێوەیەكی زیاتر دادپەروەرانە خزمەتگوزاریی كارەبا دەگەیەنینە هاووڵاتیانو لۆدی سەر محاویلەو فیدرەو وێستگەكان ناهێڵێتو بۆ ملیۆنێكو 562 هەزار و 515 هاوبەشی كارەبا پێوەری زیرەكیان بۆ دادەنرێت، لەڕووی كرداریشەوە لەچەندین گەڕەكو ناوچەی پیشەسازیی تیمەكانی دانانی ئەم پێوەرانە دەستیان بەكاركردووە. سەبارەت بە مامەڵەكانی هاوڵاتیانیش وەزیری كارەبا وتی: لە ماوەی رابردوودا توانیمان خزمەتگوزاریی كارگێڕیو دانەوەی قەرزەكانو مامەڵەی هاووڵاتیان رێكبخەینەوە، ئێستا لەماوەیەكی كەمو خێراتر سەرجەم مامەڵەكان بێ رۆتین بەڕێوەدەچێت، هاوكاریی ئەو هاووڵاتیانەش دەكەین كە توانای دانەوەی قەرزەكانیان نییە، بەشێوەیەك بە قیست قەرزەكانیان بدەنە فەرمانگەكانی كارەبا.
دەقی دیمانەكەی وەزیری كارەبا لەرۆژنامەی كوردستانی نوێ بخوێنەوە
https://knwe.org/?p=55139
