525 جار خوێندراوەتەوە 1/19/2020
وەزیری کارەبا: کار بۆ چاککردنەوەی هەردوو وێستگەی کارۆئاوی بەنداوی دوکان و دەربەندیخان دەکرێت
ئەندازیار کەمال محمد ساڵح وەزیری کارەبا لەنووسینگەی تایبەتی خۆی رێکەوتی 19/1/2020 سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی فراوانی کرد، لەو کۆبوونەوەیەدا کە بریکارو راوێژکاران و بەڕێوەبەرانی گشتی کارەبا ئامادەیبوون؛ وەزیری کارەبا باسی لە گرفت و کێشانە کرد کە لەچەند هەفتەی رابردوودا رووبەرووی سێکتەری بەرهەمهێنان و دابەشکردنی کارەبا بووەتەوە بەهۆی هەڵکشانی خێرایی خواستی کارەبا، تەوەرێکی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بەچارەسەرکردنی یەکەکانی هەردوو بەنداوی دوکان و دەربەندیخان ، لەم رووەوە بڕیارە بەمنزیکانە تیمەکانی وەزارەت بەهاوکاری کۆمپانیا پسپۆرەکانی تایبەت بە کاری چاککردنەوەی یەکەکانی وێستگە کارۆئاوییەکان دەست بەکارەکانی چاککردنەوە لەهەردوو وێستگەی بەنداوەکە بکەن.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا وەزیری کارەبا لەنزیکەوە گوێبستی بەڕێوەچوونی کارەکانی جێبەجێکردنی هەردوو پرۆژەی سکادا و دانانی وێستگەیەکی 165 مێگاواتی کارەبا بوو لەسەرقەڵا لە ئیدارەی گەرمیان، بۆ ئەم مەبەستە هەرسێ بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرهەمهێنان و گواستنەوەو کۆنترۆڵی کارەبای راسپارد بۆ سەرپەرشتیکردن و رێکخستنی لایەنی تەکنیکی و هونەری تاوەکو لەدوای تەواوبوونی دانانی وێستگەکە کە بڕیارە 8 مانگ بخایەنێت کارەکانی گواستنەوەو وەرگرتنی ئەو بڕە کارەبایە بۆ ناو تۆڕی کارەبای نیشتمانی کوردستان ئامادە بێت، سەبارەت بەکاری کۆمپانیاکانیش وەزیری کارەبا لەمبارەیەوە وتی: پێویستە سەرجەم کۆمپانیاکانی کارەبا پابەندی مەرج و رێنماییەکانی وەزارەت بن و هەروەکو چۆن وەزارەتی کارەبا کار ئاسانی و هاوکاریی هەموو کۆمپانیاکان دەکات هەرواش لێپرسینەوەی توندیان ئاراستە بکات لەکاتی کەمتەرخەمی و بوونی هەر کەموکورتیەک .
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پرۆژەی وێستگەی هەڵمی خەبات کە خۆشبەختانە وەزارەت توانی لەماوەی رابردوودا 200 مێگاوات کارەبای لێ بەرهەم بهێنێت و بڕیاریشە بەمنزیکانە کۆمپانیا جێبەجێکارەکانی وێستگەی خەبات پرۆژەکە رادەستی وەزارەتی کارەبا بکەن.


sawen