311 جار خوێندراوەتەوە 5/12/2020
وەزیری كارەبا سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی لێژنەی چاكسازیی وەزارەتی كرد
ئەمڕۆ دوو شەممە رێكەوتی 11ی ئایاری 2020 ئەندازیار كەمال محمد ساڵح وەزیری كارەبا لەنووسینگەی تایبەتی خۆی سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی لێژنەی باڵای چاكسازیی وەزارەتی كرد، لەو كۆبوونەوەیەدا كە ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرانی گشتی و بەڕێوەبەرانی وەزارەت ئامادەیبوون، باس لەدەستپێكردنەوەی كاروبارەكانی لێژنەی چاكسازیی وەزارەتی كارەبا كرا، وەزیری كارەبا داوای لە ئەندامانی لێژنە لاوەكییەكانی دیوانی وەزارەت و پارێزگاكان كرد دەست بە كاروبارەكانی چاكسازیی بكەنەوەو پابەندی كردن لەماوەی 45 رۆژدا كاروباری فەرمانبەران رێك بخرێتەوە بەپێی ئەو خشتەیەی كە لێژنەكە ئامادەیكردووە. لێژنەی باڵای چاكسازیی سوپاسی وەزیری كارەبای كرد كە بەبایەخەوە دەڕوانێتە كاروباری لێژنەكەو لەنزیكەوە ئاگاداریی هەموو ئەو گۆڕانكاریی و چاكسازییانەیە كە لێژنەكە هەفتانە پێی هەڵدەستێت و بەراپۆرتێك ئاراستەی دەكرێت بۆ رەزامەندیدان لەسەری .
لێژنەی چاكسازیی وەزارەتی كارەبا لەسەر راسپاردەو رێنماییەكانی ئەنجومەنی وەزیران دامەزراوە بەمەبەستی ئەنجامدانی چاكسازیی لە كەرتی گشتی بۆ ئەم مەبەستەش پشت بەو یاسایەی چاكسازیی دەبەستێت كە لەپەرلەمانی كوردستان پەسەند كرا.

