362 جار خوێندراوەتەوە 7/11/2020

لەم مانگەدا دەست بە بەستنی پێوەری زیرەکی ماڵان دەکرێتەوە

وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان دەڵێت، لەم مانگەدا دەست بە بەستنی پێوەری زیرەکی ماڵان دەکرێتەوە و تەنیا چارەسەریش بۆ بەفیڕۆنەچوونی کارەبا ئەو پێوەرەیە و دەشڵێت: ئێستا رۆژانە 14 بۆ 15 کاژێر کارەبا بە هاونیشتمانییان دەدرێت.

کەمال محەممەد، وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی هەوڵەکانی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی رێژەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە کوردستان و کاژێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی بە خەڵک رایگەیاند: "لە هەرێمی کوردستان 13 وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا هەن، کۆی توانای وێستگەکان دەگاتە شەش هەزار و 737 مێگاوات، بەڵام ئەوانەی لە کاردان لەنێوان 2800 بۆ 2900 مێگاوات بەرهەمدەهێنن".
بە گوتەی کەمال محەممەد، ئەمڕۆ بڕی بەرهەمهێنانی کارەبایان زیدکردووە و دەڵێ: "لە کاتی بەڕێوەچوونی ئەزموونەکان توانیمان سێ هەزار 200 مێگاوات کارەبا دابین بکەین بۆ ئەوەی هۆڵەکانی تاقیکردنەوە بێکارەبا نەبن و پرۆسەکە بە باشی بەڕێوەبچێت".
وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بە رێژەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان دەدات و دەڵێت: "ئەو رێژەیەی بەرهەمدێت 42% بۆ 45٪ـە، پرسیار ئەوەیە بۆچی ئێمە توانای بەرهەمهێنانی شەش هەزار و 737 مێگاواتمان هەیە بەڵام 2800 بۆ 2900 مێگاوات بەرهەمدەهێنن؟ وەڵامەکەشی ئەوەیە ئەو سووتەمنییەی بۆ ئەو وێستگانە پێویستن لەبەردەستی ئێمەدانین، هاوکات بەهۆی خراپی رەوشی داراییەوە نەتوانراوە ئەو بڕە سووتەمەنییە دابین بکرێت کە بۆ کارپێکردنی وێستگەکان پێویستن".
کەمال محەممەد، ئاماژە بەوەش دەدات، کە ئەوان پلانی ئەوەیان هەیە جیا لە سووتەمەنی سەرچاوەی دیکە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بەکاربهێنن و گوتی، پلانمان هەیە هەندێک سەرچاوەی دیکە بهێنینە ناو تۆڕی گشتی کارەبای هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی پشت بە سووتەمەنی نەبەسترێت، "هەر بۆ ئەو مەبەستەش توانیومانە لە مانگی 10ـەوە تاوەکو مانگی 2، هەزار و 540 مێگاوات کارەبا لە رێگەی گرێبەستێکەوە دابین بکەین، 500 مێگاوات لەگەڵ کۆمپانیای کار لە رێگەی هەڵمەوە، ئەو هەڵمەی لە وێستگەکان دەردەچێت بەو هەڵمە 500 مێگاواتی دیکەی لێبەرهەم دەهێنین، بە هەمان شێوە 500 مێگاواتی دیکە لەگەڵ کۆمپانیای قەیوان لە بازیان بە هەمدەهێندرێت، هەروەها 300 مێگاواتی دیکە لە رێگەی ئاوەوە کە لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئوسترالی گرێبەستمان کردووە، کە 50 مێگاوت لە گەرمیان و 50 مێگاوات لە راپەڕین و 100 مێگاوات لە سۆران و 100 مێگاواتی دیکەش لە زاخۆ بەرهەمدەهێندرێت".
کەمال محەممەد سەبارەت بەو غازەی لە گەرمیان دەسووتێت گوتیشی، بە بەکارهێنانی ئەو غازەی لە گەرمیان دەسووتێت بڕی 165 مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێندرێت، "بۆ ئەو مەبەستەش گرێبەستێکمان لەگەڵ کۆمپانیایەکی بەریتانی ئەنجامداوە، هەروەها لە ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی لە سەر سێ وێستەگەی 25 مێگاواتی دراوە لە دهۆک و هەولێر و سلێمانی، ئێستا لە قۆناخی تەندەرینگدایە، بە ئومێدین لە ماوەیەکی نزیکدا ئەوانیش یەکلا ببێتەوە".
لەبارەی جیاوازی ئەو بڕە کارەبایەی ئێستا بەرهەمدەهێندرێت بەراورد بە رابردوو، کەمال محەممەد، دەڵێت، لە مانگی 7ی 2018 تاوەکو مانگی 7ی 2019، دوو هەزار و 335 مێگاوات کارەبا دابەشکراوە، بەو بڕە کارەبایە رۆژانە 14 کاژێر و 26 خولەک کارەبا بە هاونیشتمانیان بدرێت، بەڵام لە مانگی 7ی 2019 و تاوەکو مانگی 7ی 2020، بڕەکە بۆ دوو هەزار و 493 مێگاوات زیادیکردووە بەو بڕە کارەبایەش رۆژانە 16 کاژێر و 35 خولەک کارەبا بە هاونیشتمانیان دراوە، واتە دوو کاژێر و 15 خولەک کارەبامان زیاتر دابەشکردووە. ئێستاش پێدانی کارەبا رۆژانە لەنێوان 14 بۆ 15 کاژێرە ئەویش بەهۆی ئەوەی خواستێکی زۆر لەسەر کارەبا هەیە.
سەبارەت بە پرسی بەستنی پێوەری زیرەک و چارەسەرکردنی ئەو کارەبایەی بە فیڕۆ دەچێت، وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "چارەسەر بۆ ئەو کارەبایەی بە فیڕۆ دەچێت دانانی پێوەری زیرەکە". دەشڵێت: "لە مانگی 11ی 2017 گرێبەستی بەستانی پێوەری زیرەک ئەنجامدرابوو، بەڵام وەکو پێویست کار لەسەر ئەو گرێبەستە نەکرابوو، ئەویش لەبەر چەندین هۆکار." بە گشتی لە هەرێمی کوردستان 253 هەزار هاوبەشی کارەبا پێوەری زیرەکیان بۆ بەسراوە، "لە مانگی 9ی 2019 تاوەکو مانگی دوو زۆر بەرەوپێش چوون، کە مانگانە 50 تاوەکو 75 هەزار پێوەرمان دادەنا، بەڵام لە مانگی دووەوە ئەو کۆمپانیایەی لەگەڵ ئێمە کاری دەکرد لەبەر بابەتی کۆرۆنا کشانەوە، لەوکاتەوە تاوەکو ئەمڕۆ فڕۆکەخانەکان نەکراونەتەوە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بگەڕێنەوە. بەڵام ئەوەی گرنگە هەموو پێوەرەکان هاتوون، پشتیوان بە خودا لەو مانگەدا دەست بە بەستنی پێوەری زیرەک دەکرێتەوە".

3438121372020_2.jpg

3439121372020_1.jpg

 

 

 

 

 

 

sawen

Copyright © 2012 www.krgelectric.org Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure