چاپی كتێب بەتایبەت کتێبی پڕۆگرامەکانی خوێندن یەكێكە لەو پیشە ، ئەرکانەی كە ڕۆڵێكی گرنگی لە پەروەردە و فەرهەنگی هەر وڵاتێكدا هەیە و هەرێمی كوردستانیش وەك كۆمەڵگەیەكی لە حاڵی گەشەسەندن، لە گەشەی خۆی بە ئاراستەی مۆدێڕنسازی پێویستی بەم پیشەیە هەیە و ناكرێت ناهاوسەنگی لە ئاستی گەشەی كۆمەڵگە و پیشەی چاپدا هەبێت. بواری پەروەردە، پێویستییەكی گەورەی بە چاپ و پیشەی چاپ هەیە و پەیوەندییەكەیش پڕۆسەیەكی بەردەوام و دوولایەنەیە، بەڵام سەرەڕای ئەمەیش ناكرێت بە دیاریكردنی بوودجەیەكی گەورە هێشتا كەموكۆڕی لە چاپ و ڕەنگ و پێكهاتەی چاپەكەدا هەبێت كە ببێتە هۆی كێشە بۆ خوێندن. پێشتر لە سەر ئەم بابەتەیش زۆر جاران ڕەخنە لە پەروەردە و ماتریاڵ و کارە چاپەمەنییەکانی گیراوە بەوەی كە چاپی كتێبەكانی باش نییە و یا لەو ئاستەدا نییە كە پێشبینی دەكرێت. زۆر جاران ئەم ڕەخنانە لە ڕووی دڵسۆزییە بووە و هەندێك جاریش ناحەقییەكی گەورەیان تێدایە و ئەمەیش هۆكارێك بووە بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی.
لەم ماوەیەدا (سەرۆكی كۆمەڵەی چاپخانەكانی كوردستان) لە شێوەی نامەیەكی كراوەدا، ئەوەی كە بە ڕوانگەی خۆیەوە غەدر و ناحەقی بووە و لە بەرژەوەندی خۆیدا بووە، ڕشتوویەتییەوە و خستوویەتیە سەر وەرەقە و بڵاوی كردووەتەوە. ئێمە وەك بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندن بە پێویستمان زانی وەڵامی بەڕێزیان بدەینەوە، چونكە پێمان وایە ئەگەر ڕێگە بدرێت بێ سنوور و بێ زانیاری و بێ ژیری، مرۆڤ دەمی بكاتەوە، دواتر گلێركردنەوەی هەڵەكان زۆر زەحمەت دەبێت و وەڵامەکەیش بۆ بەڕێزیانە نەوەک ئەو چاپخانە بەڕێزانەی کە خەمخۆرانە کار دەکەن و بەرژەوەندی بەرچاویانی تاریک نەکردوون.
ژیری ئەوە نییە ئەوەی بە دەمتدا هات بینووسیت، بەڵكو ژیری ڕەخنەگرتن لەسەر بابەتێك ئەوە نییە سەر لە هەولێر بێت و كلك لە بەغدا، جەنابیان لە سەرەتای نامەكە دەڵێت: "ماوه‌ی هه‌شت مانگ تێپه‌ڕ ده‌بێت به‌سه‌ر ئه‌و سه‌ردانه‌دا كه له ڕێكه‌وتی دووی ته‌مموز پارساڵ سه‌ردانمان كردی، نه‌ك هیچ ڕاسپارده‌یه‌كمان نه‌دیت بگره وه‌ڵامی ئه‌و نووسراوه‌شت به ئه‌رێنی یاخود نه‌رێنی نه‌داینه‌وه"، كەچی لە كۆتاییدا نووسیویەتیدەوە: "وه‌ڵامی ئه‌و پڕۆژه‌یه دراوه‌ته‌وه كه له ڕێكه‌وتی دووی ته‌مووز ئه‌و ساڵه پێشكه‌ش به جه‌نابتانمان كردوو". بۆ ئەوەی جەنابتان بە خۆتاندا بێنەوە، دەبێت ئەوە بزانن كە نە وەزارەت و نە وەزیری پەروەردە هیچ كات نە چاپخانەكانی كوردستان دەشكێنن و نە هەوڵی شتێكی وایش دەدەن، بەڵام دەشبێت ئەوە بزانن كە ئەوە وەزارەتی پەروەردەیە بە دوای بەرژەوەندییە چۆنی و چڵۆنایەتییەکانی چاپی بەرهەمەكانی خۆیەوەیە و لە دەرەوە ناكرێت هەر كەسێك هات بە قسەی بكرێت. ساڵانی ڕابردوو ته‌نده‌رێكی تایبه‌ت به چاپخانه‌كانی ناوه‌خۆ ئاماده كرابوو تا كۆمپانیا بیانییه‌كان نەتوانن به‌شداری چاپی كتێبی پەروەردە بكه‌ن، به‌ڵام به پێی ڕێنمایی گرێبه‌سته حكومییه‌كان ئه‌مه ڕێگه‌ی پێ نادرێت و وەزیری پێشووی وەزارەتی پەروەردە ڕه‌تی كرده‌وه و ته‌نده‌ری بە بانگهێشتی گشتی بۆ هه‌موو كۆمپانیا و چاپخانه‌یه‌كی ناوه‌خۆیی و ده‌ره‌كی بۆ ته‌نده‌ره‌كانی چاپی په‌رتووك كردەوە و دەشبێت ئاگادار بن كە له ساڵی (2007)ه‌وه كه گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ هه‌ردوو كۆمپانیای (جیۆبرۆجێكتسی لوبنانی) و (ماكمیلانی به‌ریتانی) واژوو كراوه، تا ئێستا هیچ گرێبەستی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ هیچ كۆمپانیا و چاپخانه‌یه‌ك واژوو نه‌كراوه و به تایبه‌تی له ساڵی (2011)ه‌وه دوای ده‌رچوونی ڕێنماییه‌كانی گرێبه‌سته حكوومییه‌كان ژماره (1)ی ساڵی (2011) سه‌رجه‌م گرێبه‌سته‌كان به پێی ئه‌م ڕێنماییانه ئه‌نجام دراون.
جارێ جەنابتان بەو بەرژەوەندیخوازییەی كە هەتانە، چۆن دەتوانن ده‌رگای خێر به‌سه‌ر كێشه‌ی چاپ كتێبی پەروەردە ـ ئەگەر هەبێت ـ بكەنەوە، خۆ ناشكرێت هەر پڕۆژەیەك كە ئێوە پێشكەشی دەكەن دەم و دەست قبوڵ بكرێت، ئێوە تەنیا دەتوانن پڕۆپۆزەل و پێشنیار و پڕۆژەی خۆتان پێشكەش بكەن، دیراسەكردن و قبوڵكردنی لە دەستی وەزارەتە و لەهجە قسەكردنی جەنابی وەزیر كە ئێوە دمتان لێوە سوواندووە، پەیوەندی بەو شەمەندەفەرە پەروەردەییە هەیە كە لە كابینەكانی پێشوو و وەزیرە بەڕێزەكانیانەوە هاتووە و ئێمەیش بە سیاسەتی خۆمان و بە ڕاوێژ كاری لەسەر دەكەین. ڕەخنەیەكی جددی گوتەبێژی وەزارەت پێویستی بە لێپرسینەوەیە وەك ئێوە دەڵێن "خه‌ته‌رە بۆ سه‌ر ئه‌منی قه‌ومی"، یا كارەكانی ئێوە مەترسییەكی گەورەیان لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی دروست كردووە، بەو پێیەی فێڵ لە مافی گشتی دەكەن و چاو و گوێ لە كاری هەندێك چاپ لە كوردستان دەبەستن كە لە چاپی "چاخه‌كانی پێش شۆڕشی پیشه‌سازی" دەچێت.
جەنابتان دێن و بە درێژدادڕانە و جەربەزەییەكی ڕووقاییمانەوە دەڵێن "كاری ئێوه نییه چاپخانه به چاپخانه له ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان بگه‌ڕێن و گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ چاپخانه‌ی تر ئیمزا بكه‌ن، چ پێویست ده‌كات بچیته چاپخانه‌یه‌ك ئامێره‌كانی ببینیت و چاپخانه هه‌ڵبسه‌نگێنی"، ئەی جەناب، ئەمە كاری وەزارەتی پەروەردە نەبێت كاری كێیە؟ تۆ كە ئەرك و ماف و لێپرسیراویەتییەكانی وەزارەتەكەمان نەزانیت، چۆن لە پیشەكەی خۆت دەزانیت؟ بەڵام سەرەرای بوونی ڕێنوێنیكەرێكی نەزانكار و چاوبەستووی وەك جەنابتان بۆ ڕاییكردنی كاری چاپی چاپخانە ناوخۆییەكان، دەبێت هەموو لایەك ئاگادار بكەینەوە كە سه‌رپه‌رشتیارانی چاپ و به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌جهیزات سه‌ردانی چاپخانه ناوه‌خۆییەكانیان كردووه و ساڵانه كار و پڕۆژە و تەندەر بە چاپخانه‌ی ناوخۆییەكان ده‌سپێردرێت، به‌ڵام ئێوە هێندە بێ‌ئاگان لە بارودۆخەكە و نازانن ئێمە به به‌ڵگەوە دەتوانین بۆتان ڕوون بكەینەوە كە چاپخانەی زۆری ناوخۆیی وا هەیە هاتووەتە وه‌زاره‌ت و داوای نووسراویان بۆ گومرگ كردووە تا كاره‌كانیان له ده‌ره‌وه ئه‌نجام بده‌ن، چونكە خۆیان توانای چاپی ئه‌و ڕێژه‌یه‌ی په‌رتووكه‌كانیان نەبووە كە لە تەندەرەکە بۆیان دەرچووە. بیرتان دێت ساڵی پار چاپخانه‌یەكی سەر بە كۆمەڵەكەتان لەسەر سنوور بارهه‌ڵگره‌كه‌ی وه‌رگه‌ڕا و وه‌زاره‌تی له به‌شێكی په‌رتووكه‌كان بێبه‌ش كرد؟! باشە كە هەندێک چاپخانەی نێوخۆیی كتێبەكان هەر لە دەرەوە چاپ بكەن، ئیتر بۆ خۆمان ئەو كارە نەكەین؟!
جەنابتان كە دەڵێن "توانای چاپخانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له ئاستێكی زۆر به‌رزدایه به به‌راورد له‌گه‌ڵ ناوچه‌كه"، ئێمە تێنەگەیشتین ناوچەكە مەبەستت كوێ‌یە؟! ئەگەر مەبەستت توركیا و ئێران و لوبنانە و ئێوە وا تواناتان بەرزە بۆچی بۆ چاپ ڕوو دەكەنە ئەو شوێنانە؟! ئەگەریش مەبەستت لە ناوچەكە شوێنێكی دیكەیە، پێویستە جارێكی دیكە بە سەر وانەی جوگرافیادا بچیتەوە و لە وشەدانیشدا (قامووس) بە دوای مانای وشەی (ناوچە) بگەڕێیت! كە دەڵەیت "وەزیر ڕاوێژكارێكی شاره‌زای له بواری پیشه‌سازی نه‌ك بازرگانی چاپ له وه‌زاره‌ته‌كه‌ت نییه، نازانم جه‌نابت ڕاوێژ به كێ ده‌كه‌ی"، هەست بەوە دەكەین كە جەنابتان شوێنەکەی خۆتان لێ تێك چووە. بەڕێزتان سەرۆكی كۆمەڵەی چاپخانەكانی كوردستانن و هیچی تر! تێبگە.. كاری وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده پیشه‌سازی و بازرگانی نییه تا ڕاوێژكاری پیشه‌سازی هه‌بێت، بۆ ناچیت له ڕێگه‌ی وه‌زاره‌تی پیشه‌سازی و بازرگانییەوە كار بۆ به‌رزكردنەوەی ئاستی چاپخانەكانی بن دەستت بكەیت تا خەڵك پێویستی به‌وه نه‌بێت كاره‌كانی له وڵاتانی تری وه‌ك لوبنان چاپ بكات.
نمونەی نووسراوی ژمارە (12996)ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌ردەت هێناوەتەوە كە پارساڵ ئاڕاسته‌ی گومرگی حاجی ئۆمه‌ران كراوه. دەبێت تێتبگەیەنین كە ئەو (سەباح) ناوەی كە تۆ دەڵەیت فەرمانبەر بووە، به‌رێوه‌به‌ری ته‌جهیزات بووە، نازانم بۆ پێت سەیرە كە واژۆی وەزیر لەسەر نووسراوێكە، خۆ لێت تێك نەچووە كە نووسراوی فه‌رمی به واژووی وه‌زیر یا به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ده‌بێت نه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ڕیوه‌به‌رایه‌تی یان فه‌رمانبه‌رێك و لەگەڵ ئەمەیشدا نووسراو سه‌باره‌ت به ئاسانكاری بۆ تاقە چاپخانه‌یه‌ك ناكرێت، به‌ڵكوو بۆ هه‌موو چاپخانه‌كان ده‌كرێت تا په‌رتووك و ئه‌و بابه‌تانه‌ی بۆ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌یه له گومرگه‌كان بیهێننە نێو هەرێمەوە كە دیسان ئه‌م قسه‌یه‌تان به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه چاپخانه‌كانی ناوه‌خۆ كاره‌كانیان له ده‌ره‌وه چاپ ده‌كه‌ن و خۆیان ئه‌و توانایه‌یان نییه.
نموونه‌یەكی ترت هێناوەتەوە لەسەر بەراوردكردنی نرخ و كواڵیتی چاپی كتێبێك، با تێت بگەیەنین كە كتێبه‌كانی زانست و بیركاری به هه‌موو به‌شه‌كانییه‌وه تا پۆلی دوانزه له‌لایه‌ن كۆمپانیای (جیۆبرۆجێكتس) دابین و چاپ ده‌كرێن، چونكە له ساڵی (2007) گرێبه‌ستێكی تایبه‌تیان له‌گه‌ڵ كراوه ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه مافی فكری ئه‌م بابه‌تانه هی كۆمپانیای ناوبراوه، بۆیه نرخه‌كانیان له نرخی كتێبه‌كانی تر كه له رێگه‌ی ته‌نده‌ر ئه‌نجام ده‌درێن به‌رزتره. سه‌باره‌ت به ماوه‌ی چاپكردن ئه‌و ماوه‌یه له گرێبه‌ست داده‌ندرێ مه‌رج نییه كۆمپانیا له دواكات په‌رتووكه‌كان بگه‌یه‌نێت ڕه‌نگه زووتر یان دره‌نگتر و سزای دواكه‌وتنی به‌سه‌ردا جێبه‌جێ ده‌كرێ وه‌ك له ساڵانی ڕابردوو ئه‌م سزایه به‌سه‌ر به‌شێك له چاپخانه ناوه‌خۆ و بیانییه‌كانیش جێبه‌جێ كراوه، هه‌روه‌ها كتێبه‌كانی جیۆبرۆجێكتس ئێستا وه‌زاره‌ت به وردی كاری له‌سه‌ر ده‌كات كه مافی چاپكردن ئەمساڵ بۆ وه‌زاره‌ت ده‌گه‌رێته‌وه و ئەگەر توانات هەیە وەرە له ڕێگه‌ی ته‌نده‌رەوە كێبڕكێ بكە و به كه‌مترین نرخ و به‌و كواڵێتییه‌ی كە باسی ده‌كەی وەرە پێشەوە ئەوجا ئەودەم ڕەش و سپی دەردەكەوێت.
ئەم سەرۆكی كۆمەڵەی چاپخانە ناوخۆیانە كە پڕۆژەیەكی پێشكەش بە وەزارەت كردووە، دەڵێت "حەق وایە پڕۆژەكەیان به هه‌ند وه‌ربگیردرێت و بڕیاری دانیشتنێكی به په‌له‌ی بۆ بدرێت و ته‌ته‌ڵه بكرێت"، ئێمەیش بە پەلە لە وەزارت دانیشتین و (تەتەڵە)مان كرد، هیوادارین لە وشەدان (قامووس) بگەڕیت و مانای (تەتەڵە) بدۆزیتەوە، ئەودەم دەزانی كە پڕۆژەكەتانمان تەتەڵەمان كردووە یان نا؟!
ئەو تەندەرەی كە لە كۆتایی درێژداڕییەكەت و لە کاتی نووسینی نامەکەتدا باسی لێوە دەكەی، هێشتا نه شیكردنه‌وه‌ی بۆ كراوه و نه بڕیاری له‌سه‌ر دراوه بدرێت به كێ، دیاره جەنابت ئه‌م قسه‌یه‌ت له‌وه‌وه هێناوه كه ئه‌م كۆمپانیا توركییه له چه‌ند كۆمه‌ڵه‌یه‌ك له كۆمه‌له‌ی په‌رتووكه‌كان كه‌مترین نرخ بووه، هەرچەندە نرخ تاكه پێوه‌ر نییه بۆ پێدانی كارێك به كۆمپانیایه‌ك، بەڵام ئه‌گه‌ر تۆ پشت به‌و پێوه‌ره دەبەستیت، ده‌بوو باسی ئه‌وه‌ش بكەی كه چه‌ند كۆمپانیایه‌كی ناو‌خۆش كه‌مترین نرخیان پێشكه‌ش كردووه، بەڵام پێ ده‌چێ ئه‌م هەموو هەلوور و بەلوورەت بۆ ئەوە بێت كه له هیچ كام له كۆمه‌ڵه‌كان ناتوانی كه‌مترین نرخ پێشکەش بکەیت، بۆیە هاتووی كورسییەكەت دەستخەڕۆ كردووە و به ناوی "سەرۆکی كۆمه‌ڵه‌ی چاپخانه‌كانی کوردستان"ـه‌وه ئه‌و درێژدادڕییەت كردووە، ئێمە وەک وەزارەتی پەروەردە بە پێی یاسا و ڕێنمایی و بێ جیاوازی تەندەر ڕادەگەیەنین و هەموو کەس ئازادە لە بەشداریکردن و ئەوەی جەنابت داوای دەکەی، دوورە لە هەر یاسا و ڕێنماییەک و ئێمەش ئامادە نین لەبەر خاتری جەنابت و ئەوانەی وەک تۆ بیر دەکەنەوە، لە یاسا و ڕێسا لا دەین.
وەزارەتی پەروەردە
بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندن