.... خاوەن پێداویستە تایبەتەکانی بەرێز...
وەزارەتی پەروەردە ، بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە، یادی رۆژی (٣/١٢) رۆژی جیھانی خاوەن پێداویستە تایبەتەکان ، ئەو رۆژە پربەھایەتان لێ پیرۆزدەکات ،خوازیارین ھەردەم شکۆی مرۆڤایەتیتان پارێزراوبێت و خاوەن ھیواو ئومێد و تەندروست بن.
بەرێزان..... وەزارەتی پەروەردە ، ھاوکارو ھاوخەمێکی راستەقینەی ئێوەی خاوەن مافە، ھەرگیز لەخزمەتکردنی ئێوەی خۆشەویستدا درێغی نەکردووە ونایکات، دەرگاو دەروازەی سەرجەم قوتابخانەکانی بۆخاوەن پێداویستەتایبەتەکان واڵایە، ھەمووتواناوئامادەیی خۆی دەخاتە گەڕ، بۆئەوەی ئێوەی مرۆڤ دۆست و ھەست بەرز ھاوشێوەی کەسێکی ئاسایی تێکەڵ بەکۆمەڵگابن و خزمەتەکانتان لەگەشەپێدانی ھەرێمە ئازیزەکەماندا بەرچاوبێت.
ئێمە دڵنیاین و باشیش دەزانین کەبەرجەستەکردنی مافەکانی ئێوە لەبواری پەروەردەو فێرکردندا زیاتر لە ئەستۆی وەزارەتەکەی ئێمەدایە ، بەڵام ھاوکاری و یارمەتی وەزارەتەکانی تری وەکو( تەندروستی و خوێندنی باڵاو کارو کاروباری کۆمەڵایەتی)ش بۆ ئێمە لەو پەری گرنگی و پێویستی دایە .
گەر پشتگیری و ھاو ئاھەنگی ئەو وەزاراتانەمان لەگەڵ نەبێت ، زادەی کارەکانی ئێمەش لەنگی و پەشێوی پێوە دیار دەبێت.
بەرێزان... بۆ ئەوەی ئەو خزمەتە پیرۆزە وەکو پێویست بێت . جگەلە وەزارەت و دامو دەزگا رەسمیەکانی حکومەتیش ،ھاوکاری و ھاو خەمی رێکخراوە نێو دەولەتی یەکان و سەرجەم رێکخراوەکانی کۆمەلگەی مەدەنی و کەسانی دەوڵەمەند و دڵسۆز و خێر خواز پێویستن.
ئێمەش نایشارینەوە کە تا ئێستا بە ھاوکاری و دڵسۆزی ھەموو لایەک کاری شایستە و بەرچاو کراوە ، لە تێکەڵکردن و وەرگرتنی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت و در وستکردنی ژووری سەرچاوە و رەچاوکردنی تایبەتمەند یەکانی خاوەن پێداویستە تایبەتەکان لە نۆژەنکردنەوەی قوتابخانە و دروست کردنی تازەکان دا، بەڵام بۆ ئەوەی کەم و کور یەکان بنە بڕبکەین ، پێویستە ھەموولایەک ھەوڵ و کۆششەکانی ، ماندووبوون و ئامادەییەکانی کاراتر بکات و توانا داراییەکانی زێدەتر بکات.
بەرێزان.... لە کۆتایی ئەو پەیامەشدا ، دووپاتی دەکەینەوە کە لە ئایندەدا ھەنگاوەکانمان گەورەتر و فراوانترو کارەکانمان جوانترو دڵسۆزی و ھاوخەمیمان بۆ ئێوە ی ئازیز و خۆشەویست زێدەتر دەبێت ، ھەر لەخۆشی و کامەرانی و شادی دا بن.
وەزارەتی پەروەردە ٣/١٢/ ٢٠١٣