Discourse

21/01/2013 , 09:01 AM 425

بەیاننامەی وەزارەتی پەروەردە بە بۆنەی ڕۆژی جیھانیی زمانی دایکەوە

 

ڕۆژی جیھانیی زمانی دایک، کە ٢١ ی شوباتی ھەموو ساڵێک، وەکو نەریتێک بەو بۆنەیەوە ئاھەنگ دەگێڕدرێ، ئێمەی گەلی کوردستانیش بە پەرۆشەوە لەو یادە دەڕوانین و وەکو دەستکەوتێکی گرنگیش بۆ گەلەکەمانی دادەنێین، کە توانرا زمانی کوردی وەکو زمانی پەروەردە و فێرکردن بەکار بھێنرێت و رێگە خۆش بکرێت بۆ ھەموو نەتەوەکانی دیکەی کوردستانیش لە تورکمان و کلدۆئاشور و ئەرمەنییەکان، تا بە زمانی دایکی خۆیان بخوێنن و، لە ھەموو بوارە رۆشنبیری و زانستییەکاندا بەکاری بھێنن.

 

 

ئەم رۆژە پیرۆزە لە ساڵی ١٩٩٩ وە مۆرکێکی جیھانی وەرگرتووە، بەوەی رێکخراوی یونسکۆ لە کۆنگرەی گشتیی خۆیدا لە تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٩٩، بە بڕیاری ژمارە ٣٠٣٥ لە پێناو بەھێزکردنی ھەمەجۆریی رۆشنبیری و فرەیی زمانەکاندا، کردی بە بۆنەیەکی جیھانی.

 

 

ھەروەک ئەو گەلانەی جیھان کە زمانیان قۆناغێکی پێشکەوتووی بڕیوە، بە شانازییەوە یادی ئەم رۆژە دەکەنەوە، ئەو گەلانەیش کە لە رابردوویەکی نزیکدا بە مافە نەتەوەییەکانیان شاد بوون، زیاتر جەخت لەسەر ئەم یادە دەکەنەوە، چونکە زمانی دایک بۆ ھەموو گەلانی دنیا وەکو شوناسێکی نەتەوەیی سەیر دەکرێت، ھەر لەو پێناوەشدا بوو کە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، رایگەیاند کە ساڵی ٢٠٠٨، ساڵی نێودەوڵەتی زمانەکانە.

 

 

شایەنی ئاماژە پێکردنە کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سیاسەتێکی لۆژیکیانەی گرتۆتە بەر لە پێناو قوڵکردنەوەی گیانی پێکەوە ژیان و ئازادیی ئایینی و ھاوکاری نێوان ئیتن و گرووپە جوداوازەکان، ھەر لەو سۆنگەیەشەوە وەزارەتی پەروەردە کاری لەسەر ئازادیی خوێندن بە زمانی دایک کردۆتەوە و چەندین پلانی بۆ پەرەپێدانی ئەو پرسە داناوە، کە ھەموویان راستەوخۆ پاشڤەکردنی بڕگە ٤ ی مادەی ٤ ی قانونی ھەموارکراوی ژمارە ٤ ی ساڵی ١٩٩٢ ی وەزارەتی پەروەردەن، کە تێیدا ھاتووە: " کردنی زمانی تورکمانی و سریانی و ئەرمەنی، بە زمانی فێرکردن لەو ناوچانەی کە زۆربەی دانیشتووانیان لەوان پێک دێن، بە پێی دیسپلینە پەروەردەییەکان، بە مەرجێک فێربوونی زمانی کوردی و عەرەبی ئیلزامی بێت".

 

 

لە جێبەجێکردنی ئەم یاسایەدا دوو بەڕێوەبەرایەتی گشتی لە دیوانی وەزارەت ئەم ئەرکەیان لە ئەستۆ گرتووە و سەرپەرشتی دانانی پرۆگرامەکانی خوێندن و راھێنان و دابینکردنی مامۆستایان و دانانی پرسیاری تاقیکردنەوەکان و ھەموو کارە تەکنیکی و سەرپەرشتیاری و کارگێرییەکانی پەیوەندیدار بەو پرۆسەوە، بەڕێوەدەبەن و، ساڵ بۆ ساڵ ئەم پرۆسەیە لە گەشەکردندایە. 

 

 

بۆ نموونە لە پارێزگەی دھۆک ٣٢ قوتابخانە ھەن کە زمانی خوێندن تێیاندا زمانی سریانییە و، ٢٧٢٢ قوتابی بە زمانی دایکیان دەخوێنن، ٣٩٢ مامۆستا وانە دەڵێنەوە، بە ھەمان شێوە لە پارێزگەی ھەولێریش ٢٣ قوتابخانە ھەن، کە ٧٦٨٩ قوتابی تێیدا دەخوێنن و ٧٦١ مامۆستا وانە دەڵێنەوە و ئەم قوتابخانانەش ساڵانە ئاستێکی بەرز تۆمار دەکەن.

 

 

ھەروەک لە ھەرێمی کوردستاندا ١٨ قوتابخانە ھەن کە زمانی خوێندن تێیاندا زمانی تورکمانییە و، ١٩٢٠ قوتابی بە زمانی دایکیان دەخوێنن، ٢٧٩ مامۆستا وانە دەڵێنەوە و ئەرمەنییەکانیش دوو قوتابخانەی تایبەتیان ھەیە و، زمانی خوێندن تێیاندا ئەرمەنییە.

 

 

ھەر چەندە حکومەتی ھەرێمی کوردستان پابەندبوونێکی فەرمیی بە پرەنسیپەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە نییە، بەڵام بۆ جێبەجێکردنی ئەو پرەنسیپەی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە لە ١٦ ی ئاداری ٢٠٠٧ لە بریاری ژمارە ٢٦٦/٦١ کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای لە ئەندامانی خۆی کرد کە ھانی پاراستن و مانەوەی ھەموو ئەو زمانانە بدەن کە نەتەوەکانی جیھان پێی دەئاخفن.

 

 

بێگومان زمان ھۆکارێکە بۆ پاراستن و پەرەپێدانی کولتووری مادی و مەعنەویی میللەتان، تەنیا ھاوکاریی ھەمەجۆریی رۆشنبیری و فرەیی زمانەکان زامنی وەدیھێنانی ھاوکاری و لێک تێگەیشتن و لێبوردن و یەکتر قەبوڵکردنە.

 

 

ھەر بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە سەرجەم مامۆستایان و قوتابیانی کوردستان دەکەین، ھیوادارین ئەم بۆنەیە ببێتە ھۆی پێکەوە ژیانی زیاتر و بەرەو پێشچوونی رەوتی پەروەردەیی لە ھەرێمەکەماندا.

وەزارەتی پەروەردە

٢١/ ٢/ ٢٠١٣

دوایین بابەت