چەند تێبینییەكی پێویست لەبارەی داڕشتنی ئیستراتیژیەتی نشتیمانی بۆ ڕاهێنان و مەشق كردنی مامۆستایان

د. ئەحمەد قەرەنی

ڕاهێنان و مەشق كردنی مامۆستایان تەوەرێكی گرنگە لە پرۆسەی پەروەردەو فێركردنداو پێویستی بە بەرنامەڕێژییەكی تۆكمە هەیە، كە هەردوو لایەنی پێش خزمەت و لەكاتی خزمەتكردندا دەگرێتەوە. ئەو وورك شۆپەی كە بۆ ئەم مەستە دەستنیشانكراوە دەتوانێت هەردوو لایەن بگرێتەوەو بنەما پیشەییەكانی ئیستراتیژیەتێكی نشتیمانیش دابڕێژێت، بەتایبەتی ئەگەر ئەم خاڵانەی خوارەوە ڕەچاو بكات:
- 1دەستنیشانكردنی ئەو ڕكابەریانەی دەبنە ڕێگر لەبەردەم لێهاتوویی و كارامەیی مامۆستایانی ڕاهاتوو بە گشتی و مامۆستایانی ڕانەهاتوو بەتایبەتی و لەسەر هەموو ئاستەكانی ئامادەكردنیان، كە دەتوانین لە چەند خالێكدا كورت بكەینەوە، وەكو:
ئا- لێكترازانی پەیژەی فێركردن بە تایبەتی لەنێوان قۆناغی باخچەی ساوایان و قۆناغی بنەڕەتی كە لە زۆربەی ناوچەكانی هەرێمدا ژمارەیان هاوسەنگ نییە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوە كە منداڵێكی ئامادەنەكراو دەخرێتە بەردەم ئەزموونی مامۆستایان و كارێكی سەلبی دەكاتە سەر پرینسیپەكانی مەشق و ڕاهێنانی مامۆستایان.
ب ـ كەموكوڕی پێداویستییەكانی پۆلی خوێندن یان نەبوونی تاقیگەكانی زانستی لە قۆتابخانەكەدا، ئەمەش لە دوو لایەنەوە زیان بە ڕێگاكانی وانەوتنەوەی مامۆستا دەگەیەنێت. لە لایەكەوە هاوئاهەنگی لەنێوان ناوەرۆكی بابەتەكانی كتێبی پرۆگرامی خوێندن و چۆنیەتی پێشكەشكردنی وانەكە تێكدەچێت و، لە لایەكی دیكەوە مامۆستا ناچار دەبێت شێوازی وانەوتنەوەی بەرەو شێوازی تیۆری ببات و تا ڕادەیەكی زۆر لە لایەنی پراكتیكی دوور بكەوتەوە.
پ ـ باری ئابووری زۆربەی خێزان و تەنانەت بژێوی ژیانی مامۆستایانیش لە ئاستێكی باشدا نییە، كە ڕاستەوخۆ كار لە پابەندبوونی قوتابی بە خوێندنەوەو، هەروەها حاڵەتی دەروونی مامۆستانیش لەنێو پۆلدا بكات.
-2 هەماهەنگی لەنێوان بەرنامەی خولەكانی ڕاهێنان و مەشق كردنی مامۆستایان لەگەڵ ستراتیژیەتی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن لە وڵاتدا هەبێت، بۆ ئەوەی وەكو دوو هێڵی هاوتەریب و لەسەر یەك ڕێبازدا تەواوكاری یەكتر بن. بۆ نموونە پێوەندیەكی تەكنیكی و ئەپستمۆلۆژی لەنێوان پرۆگرامەكانی كۆلێژو پەیمانگەكانی ئامادەكردنی مامۆستایان و پرۆگرامەكانی خوێندنی پەیڕەوكراو لە قۆناغەكانی بنەڕەتی و ئامادەییدا هەبێت و، ئەو بۆشاییەی لە نێوانیاندا هەیە كەم بكرێتەوە، تا ئەو ڕادەیەی كە مامۆستا وا هەست بكات، كە ئەوەی بە شێوەی تیۆری لە كۆلێژ و پەیمانگەكان دەخوێنێت، بنەماییەكی یارمەتیدەرە بۆ شێوازی وانەوتنەوەو بەڕێوەبردنی پۆل و، بە پراكتیكی ئەزموونەكەی دەوڵەمەندتر دەكات.
-3 هەڵسەنگاندنی ساڵانەی ئەدای مامۆستا بەپێی پێوەرێك بێت، كە لەگەڵ جێبەجێكردنی ئامانجەكانی ئیستراتیژیەتی پەروەردەیی یەكتر بگرنەوە. ئەمەش پێویستی بە میكانیزمێكی ورد هەیە، كە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانەو یەكەی سەرپەرشتیارییەوە ئەنجام دەدرێت، بۆ ئەوەی خاڵە باشەكانی ڕاهێنانی پێشتر بەهێزتر بكرێن و خاڵە لاوازەكانیش چارەسەر بكرێن. لە هەردوو حاڵەتیشدا خاڵە لاوازەكان و خاڵە بەهێزەكان كۆبكرێنەوەو وەكو سەرچاوە لە بەرنامەكانی داهاتوودا سوودی لێ‌ وەربگیرێت.
- 4پێوەری هەڵسەنگاندنی مامۆستایان، تەنیا دەزگە پەروەردەكانی سەرەوە نەبن، بەڵكو ڕاو بۆچوونی قوتابیانیش بەهەند وەربگیرێت، بە تایبەتی لە توانای مامۆستا لە سەرنجڕاكێشانی قوتابیان بۆ وانەكەی و خۆشەویستكردنی قوتابخانە لایان. بۆ ئەم مەبەستەش هەندێك ڕێنمایی پەروەردەیی و بە شێوەیەكی زانستی دەربچن، كە دەنگی قوتابی كاریگەری خۆی هەبێت و، لە هەمان كاتیشدا ئەو ڕاپرسییە كار لە ئاست و پلە و پایەی مامۆستا نەكات.
-5 ڕاهێنانی ئەو قوتابیانەی بۆ پیشەی مامۆستایەتی ئامادەدەكرێن، یان ئەو مامۆستایانەی لە كاتی خزمەتكردندا بەشداری لە خولەكاندا دەكەن، بەرنامەیەكی هاوبەش و تا ڕادەیەكی زۆر تەواوكاری یەكدی بن، بۆ ئەوەی مەسافەیەكی زۆر لە نێوان زانیارییەكانی مامۆستای نوێ‌ دەرچوو و مامۆستای خاوەن خزمەت دروست نەبێت. لێرەدا خاڵێكی بنەڕەتی تێتە پێشەوە كە بەپێی پێویست ناوە ناوە خولەكانی مامۆستایانی پێش خزمەت لەگەڵ خولەكانی مامۆستایانی لە خزمەتدان لێك بدرێنەوە، بۆ ئەوەی كەلێنێكی پیشەیی لە نێوان هەردوو لایەندا دروست نەبێت.
-6 ئامارێكی گشتی بە ژمارەی سەرجەم مامۆستایان ئەنجام بدرێت، كە بەپێی بڕوانامەی دەرچوونیان پۆلێن بكرێن، بەم شێوەیەی خوارەوە:
ئاـ دەرچووانی ئامادەیی + خولی شیاندنی (3) یان (6) مانگی.
ب ـ = پەیمانگەی پێگەیاندنی مامۆستایان.
پ ـ = پەیمانگەی مەڵبەندی مامۆستایان.
ج ـ = كۆلێژەكانی پشتیوانكراو (الكلیات المساندە) + خولی ڕاهێنان.
چ ـ = كۆلێژی پەروەردە ( بنیات ، پەروەردە زانستییەكان ، زانستە مرۆڤایەتییەكان).
د ـ هەڵگرانی بڕوانامەی خوێندنی باڵا ( دبلۆمی باڵا ، ماجستێر ، دكتۆرا).
بۆ هەر یەك لەم كۆمەڵانەی سەرەوە بەرنامەیەكی ڕاهێنانی تایبەت دابنرێت، كە بە پێی پسپۆری و شوێنی كاركردنیان سوودمەند بێت. بۆ ئەوەی كارامەیی و شیاندنی هەموو مامۆستایان بگەیەنرێتە ئاستێكی هاوتەریب لەگەڵ گۆڕانكارییە گشتییەكاندا كە لە پرۆگرامەكانی خوێندندا دەكرێت، هەروەها لە زۆر لایەنەوە پشت بە تەكنۆلۆژیای پەروەردەیی دەبەستێت.
-7 دەستكاری لە پەیكەربەندی دەزگاكانی ڕاهێنان و مەشق كردن بكرێت، بەشێوەیەك كە بەپێی پێگەی جوگرافی و دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی و دەزگەكانی پەروەردەیی ڕێك بخرێنەوە. بۆ نموونە پلاندانان و داڕشتنی كارە تەكنیكییەكان لە دیوانی وەزارەت بێت. لە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی پارێزگەكانیشدا پەیمانگەی باڵا هەبن بۆ پێگەیاندنی ڕاهێنەری ماستەرو، لە پەروەردەی قەزاكانیش سەنتەرێكی ڕاهێنان و مەشق كردن هەبێت. ئیجابیاتی ئەم سیستەمەش ئەوەیە، كە:
ئاـ دەستنیشان كردنی مامۆستایان بۆ بەشداری پێكردن لە خولەكان ئاسان دەبێت، چونكە هەر ب. پەروەردەی قەزایەك زیاتر زانیاری و شارەزایی لە ژمارەو ئاستی مامۆستایانی سنووری خۆی هەیە.
ب ـ لەڕووی كارگێڕییەوە باشتر دەبێت، چونكە هاتوچووی مامۆستایان ئاسانتر لێ‌ دێت و، بەشداربوونیشیان مسۆگەرو بێ‌ گرێتر دەبێت و، تەنانەت مەسروفاتی خولەكانیش كەمتر ڕادەوەستێت.
پ ـ كار لە دەوامی مامۆستا ناكات و، بۆشایی لە میلاكی قوتابخانەكانیشدا دروست نابێت، بە تایبەتی ئەگەر خولەكە لەناكاو بوو، لە میانی ڕۆژانی ساڵی خوێندندا رێك بخرێت.
8- مەبەست لە پشووی هاوێن، دابڕان لە پرۆسەی پەروەردە نییە، بەڵكو دەكرێت لەو ماوەیەدا ئەركەكانی دەرەوەی وانەوتنەوە بە مامۆستا بسپێردرێت، بۆ ئەوەی كارامەیی لە پیشەكەیدا بنوێنێت و ببێتە خاوەن كەسایەتییەكی بەردەوام تامەزرووی ڕاهێنان و فێربوون بێت، لە وانە:
ئاـ بەشداربوون لە خولەكانی ڕاهێنان.
ب ـ ڕێكخستن و سەرپەرشتیكردنی یانەكانی قوتابخانە بە تایبەتی ئەوانەی لەڕووی زانستیی و هونەری و وەرزشییەوە بایەخ بە لایەنی داهێنان و بەهرەی قوتابیان دەدەن.
پ ـ كاری خۆبەخش لە ژینگەی كۆمەڵایەتی پێگەی جوكرافی قوتابخانەكەیدا، كە تەواوكەری كارەكانی لێژنەی دایكان و باوكانی بێت. ئەمەش وا دەكات كە قوتابخانە ببێتە سەنتەرێكی شارستانی بۆ هۆشیاركردنەوەی هاوڵاتیان و بەرزكردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیرییان و هاندانیان بۆ كاری هەرەوەزی و بیركردنەوەی دەستەجەمعی هاوبەش و پابەندبوون بە یاساكانی ڕێكخستنی كۆمەڵ.
ج ـ بەشداربوون لە گەشتی زانستی چ لە ناوەوە یان لە دەرەوەی وڵات، بۆ ئەوەی بازنەی بیركردنەوەی مامۆستایان فراوانتر بێت و لە نزیكەوە ئاشنای سەرچاوەی زانیارییەكانیش ببن.
9- دەبێت جەخت لەسەر ئاست و كارامەیی ئەو مامۆستایانەیش بكرێت، كە خولەكانی ڕاهێنان و مەشق كردن بەڕێوەدەبن و وانە دەڵێنەوە، ئەوانیش بەشداری لە خولەكانی ڕاهێنەری ماستەردا بكەن، یان بەشداری لە ئامادەكردنی لێكۆڵینەوەو توێژینەوەكانی تایبەت بە پەرەسەندنی فێربوون و فێركردندا بكەن. هەروەها پرۆگرامی خوێندنی خولەكانیش بەردەوام نوێ‌ بكرێنەوە.
لە ئەنجامی خستنەڕووی ئەم خاڵای سەرەوەدا، گرنگی ڕاهێنان و مەشق كردن دەردەكەوێت، كە چ ڕۆڵێكیان لە دروستكردنی بنەماكانی پیشەیی و كارامەیی مامۆستادا هەیە. بۆیە لە هەر شوێن و كاتێدا كەسایەتی پیشەیی مامۆستا چەقی بنەڕەتیە، كە هەموو لایەنەكانی دیكەی پرۆسەی پەروەردەو فێركردن هاوسەنگ دەكات.

 

دوایین بابەت