پەیامێک لە (وەزیرى پەروەردە)وە بۆ مامۆستایانى خۆشەویستى سنوورى پەروەردەى سلێمانى

 

مامۆستایانى خۆشەویست
دایک و باوک و قوتابیانى بەڕێز
دڵخۆشم بە شکاندنى بایکۆت و مانگرتنەکەتان و سوپاستان دەکەم کە وەک توێژێکى کارا و هۆشیارى کۆمەڵگەى کوردى لە پرسە سیاسییەکاندا ڕۆڵتان هەیە و نمونەیەکى جوانى پێشکەوتنى کۆمەڵگەى مەدەنینە لە پرسە کۆمەڵایەتى و سیاسییەکانى حوکمڕانیى هەرێمى کوردستاندا. جگە لەمەیش و بەدەر لە توێژەکانى دیکەى کۆمەڵگە، ئێمە مامۆستایان و ئاڵاهەڵگرانى کەرتى پەروەردە، ئەرک و بەرپرسیاریەتییەکى دیکەمان لە ئەستۆیە کە ئەویش شەکاوە هێشتنەوەى بەیداغى هۆشیارى و زانیارى و خوێندەوارییە لە وڵاتدا و هەر لە سۆنگەى فەلسەفەى پەروەردەى هاوچەرخ و مۆدێڕنەوەیە کە پێویستە نەوە و قوتابی و خوێندکارانمان لەسەر هەردوو بنەماى پەروەردەکردنى زانستى و هۆشیارى کۆمەڵایەتیانە پێ بگەیەنین تا لە داهاتوودا دەستیان هەبێت لە مۆدێڕنیزەکردنى وڵات و پەڕینەوە لە قۆناغى نەریتى کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە بۆ قۆناغێکى نوێتر لە حوکمڕانى و ژیارى کە بە داخەوە جیهانى سێیەم لێی بێبەرى بووە و دوو دەیەیە کورد خەریکى جێگرتن و پراکتیک کردنیەتى.
دڵخۆشم بەوەى مامۆستاکانمان هێندە هۆشیارن کە دەستیان لە بیناى سیاسى وڵات هەیە و لە کاتى خۆیدا ناڕەزایەتى خۆیان دەردەبڕن و لە هەمان کاتیشدا و بە پێى زەروورەتى کۆمەڵایەتى کۆمەڵگە، دەست بە ئەرکى بنەڕەتى خۆیان و گوتنەوەى وانە و پێگەیاندنى قوتابی و خوێندکارەکانیان دەکەنەوە. پاش دەربڕینى ناڕەزایەتى و تێگەیشتن لە کڕۆکى کێشە دروستبووە سیاسیی و قەیرانە ئابوورییەکانى هەرێمى کوردستان، دووبارە بەر لە توێژ و چینەکانى دیکە، ئەوە مامۆستایانن کە بەرپرسیارانە و بۆ تێکنەچوونى ئاشتەوایی کۆمەڵایەتى و لەنگنەکردنى ڕێڕەوى زانست و هۆشیارى، مان و بایکۆتەکەیان دەشکێن و دەگەڕێنەوە قوتابخانەکانیان و دەبنەوە بە هەمان مامۆستا و باوانى ئەو منداڵە چاوگەشانەى کە باوکەکانیان لە بەرەکانى شەڕ دژى دڕندەترین ڕێکخراوى تیرۆریستى سینگیان کردووەتە قەڵغانى پاراستنى کوردستانى ئازیز و منداڵەکانیان لێرە بە ئێمە سپاردووە. ئێمەیش وەک وەزارەتى پەروەردە، وەک چۆن پێشتر داواکار و پاڵپشتى خواستە ڕەواکانى مامۆستایان و قوتابیانمان بووینە، ئێستایش بە شاهیدى هەموو لایەک، پێشمەرگەئاسا بە دواى مافى مامۆستایانەوە دەبین و شەو و ڕۆژ و خەمخۆرانە لە پێناو نەفەوتانى ماف و بەجێهێنانى خواستە ڕەوکانیان تێدەکۆشین و لەگەڵ حکومەت و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لەسەر خەت دەبین.

د. پشتیوان سادق
وەزیرى پەروەردە
سێشەممە ـ ڕێکەوتى ٢٠١٥/١٠/٢٠

دوایین بابەت