وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ماوەی سێ ساڵە بە فەرمی بەشداریکردووە لە ھەڵمەتی نیشتمانی ١٦رۆژ بۆ بەڕەنگاربوونەوەی توند وتیژی دژ بە ئافرەتان/ژنان لە ھەرێمی کوردستان.
بە بڕوایەکی راستەقینە بە مافەکانی ئافرەتان/ژنان و بەگرنگی زانینی رۆڵی کاریگەری و ئەرێنیانەی ئافرەت/ژن لە پێشکەوتنی کۆمەڵگاکەمان .
وەزارەتی پەروەردە ھەوڵی داوە ھەموو شێوازێکی توند و تیژی بنبڕبکات بە تایبەتی دژ بە ئافرەتان و بەرچاوگرتنی یەکسانی جۆری رەگەزی لە پڕۆگرامەکانی خوێندندا ھەروەھا لە کردنەوەی قوتابخانە/خوێندنگاکان و پێدانی دەرفەتی زیاتر لە دامەزراندن .
بەرنامەی وەزارەتی پەروەردە گرنگی دانە بە تواناکانی ئافرەتان /ژنان و کارکردنی جددی بۆ بەرەپێشچوونیان بە پێدانی متمانە و ھەڵی خۆ سەلماندنی توانای زانستی و پراکتیکی بۆ زیادکردنی ژمارەی ئافرەتی سەرکردە لە شوێنی بڕیار .
وەزارەتەکەمان لە ھەماھەنگی بەردەوام دایە لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای کاروباری خانمان و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگای نوێنەرمان بۆ کاروباری مافی ئافرەتان و ژنان بۆ بەدواداچوون و چارەسەرکردنی کەیسەکان و بەشداریکردنمان لە پلانی ھەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ ھەروەھا لە بۆردی چاودێری مافی ئافرەتان .
لە چوارچێوەی گرنگی دانی وەزارەتی پەروەردە ، ھەوڵدان بۆ کردنەوەی بەشێک بەناوی داکۆکی کردن لە مافی ئافرەتان لە پەیکەری نوێ وەزارەت.
پێشکەوتنی ھەر کۆمەڵگایەک بەندە بە پێشکەوتنی ئاستی ئافرەت/ژن لەم کۆمەڵگایە شان بە شانی رەگەزی بەرامبەر.
ئێمە وەک وەزارەتی پەروەردە داوا لە مامۆستایان و دایکان و باوکانی بەرێز دەکەین ھەماھەنگ بن لەگەڵ قوتابخانە/ خوێندنگاکان لە بڵاوکردنەوەی رۆشنبیری یاسایی و رێزگرتن و پابەند بوون بە یاساکانی ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی ئەو یاسیانەی مافەکانی ئافرەت /ژن دەپارێزن .
[ پێکەوە کاردەکەین بۆ نەھێشتنی توند وتیژی لە ھەرێمی کوردستان]