كەناڵی كوردسات و نابەرپرسیاریەتی!؟

          وەزارەتی پەروەردە چ وەك وەزیری پەروەردە و چ وەك وتەبێژ و یا هەر بەرپرسیارێكی دیكەی كاروباری پەیوەست بە پەروەردەوە، ئامادە و دەرگای واڵا بووە بۆ پێدانی زانیاری بە دەزگا میدیاییەكانی هەرێمی كوردستان و دەرەوەی هەرێم و لەو بارەوەیش كارنامە و بەدەنگەوەهاتنمان لە لای هەموو دەزگا ڕاگەیاندنەكان بەرچاوە و جێگەی شاهیدییە، چونكە ئێمە لە بنەڕەتەوە پێمان وایە كە ئەركی ئێمە خزمەتی هاووڵاتیان و ڕەهەندی پەروەدە و لە هەمان كاتیشدا كراوەبوونە لە ئاست كێشە و داواكارییەكان، ئیتر نەخاسمە ئەم داواكارییانە پەیوەست بن بە پێدانی زانیاری بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن.

بەڵام بەداخەوە زۆر جاران ئەم كرانەوەیی و بەدەنگەوەهاتنە بە زەرەرمان شكاوەتەوە و لە دواجاریشدا، كەناڵی بەڕێزی (كوردسات) كە تەوەرێكی تایبەتی لەسەر پەروەردە لە بەرنامەی (دەسەڵاتی چوارەم) هەبوو كە جێگەی ڕێز و دەستخۆشییە و ئەم كارانە چ ئەرێنیانە و چ ڕەخنەگرانە هەوڵێكی جدییە لە ڕاستەڕێكردنی كار و ئەرك و لێپرسراوییەكانمان و خەمێكی گشتیشە بۆ پێشخستنی كۆمەڵگە و ئاستی پەروەردە و فێركردن لە هەرێمی خۆشەویستەكەمان، بەڵام بەداخەوە لە ئاست بەرپرسیاریەتی كاری ڕۆژنامەنووسییانەی خۆیدا هەنگاوی هەڵنەهێنایەوە و پاش بانگهێشتكردنی "وەزیری پەروەردە یا وتەبێژی پەروەردە و یا كەسێكی دەستنیشانكراوی وەزارەتی پەرورەدە" وەك خۆیان داوایان كردبوو، بەداخەوە بە هۆی كار و سەرقاڵییەوە نە وەزیری پەروەردە و نە گوتەبێژەكەی نەیانتوانی بەشداری بەرنامەكەی كوردسات بكەن، بەڵام پەرۆشانە داوای لێبوردنمان خواست و بەڕێوەبەرێكی گشتیی ڕاسپێردرا تا وەڵامگۆی پرسیارەكان و ئامادەی بەرنامەكە بێت، كەچی لە بەرامبەر ئەم ڕێزگرتنەدا، كوردسات دێت و كورسییەكی بەتاڵ دادەنێت و ناوی دەنێت "كورسییە بەتاڵەكەی وەزیری پەروەردە"، لە كاتێكدا لەگەڵ پێشكەشكاری بەرنامەكە چەند جارێك بە تەلەفۆن قسە كراوە و بەرنامە تایبەت نەبووە بە وەزیری پەروەردە و هیچ بەڵێن وبڕیارێك نەبووە بەڕێز وەزیری پەروەردە بەشداریبكات.خودی پێشكەشكەرەكە ئاماژەیشی بەوە كرد كە "وەزیر یا وتەبێژ یا ڕاوێژكار یا هەر كەسێك كە پێتان باش بێت، بەشدار بێت"، كەچی بەداخەوە دوای دەسنیشانكردنی كەسێك لە پلەی بەڕێوەبەری گشتی، كەچی ئەم هەڵوێستەیان نواند و تەنانەت لە پێشەكی بەرنامەكەدا دەڵێت: "وەزیری پەروەردە كە بڕیار بوو لەگەڵ ئێمە بەشدار بێت، بەڵام بە هۆكاری جیاجیا نەهاتە بەرنامەكەوە بۆ ئەوەی گوێ لە سەرنج و ئەو گرفتانە بگرێت كە لە ڕەوشی پەروەردەدا هەن".پێویستە ەوە بسەلمێنێت كە بڕیار بووە وەزیر بەشدار بێت.
بۆیە بە پێویستی دەزانین كە:
ـ وەزارەت ئازاد و سەرپشكە كە كێ بۆ بەرنامە و كارە میدیاییەكان تەرخان بكات، چونكە هەر وەڵامێك بدرێتەوە، بەدوور نابێت لە ڕێنمایی و فەرمانی وەزاری وەزارەتەكەمان، بۆیە پێچ و پەنا لە وەڵامەكاندا نییە و بڕوامان بە خۆمان و هەر كەسێك هەیە كە دیاری بكرێت بۆ هەر جۆرە بەرنامەیەك.
ـ لە هیچ شوێنێكی دونیادا نییە كە بۆ هەر بانگهێشتێك وەزیر ئامادە بێت، لە كاتێكدا كوردسات دەستنیشانی نەكرد كە تەنیا دەبێت وەزیر ئامادە بێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا وەزیری پەروەدەی حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ كات ڕووی نەناوە بە دەم ڕاگەیاندنەكانی هەرێمەوە، بەڵام جاری وایشە كات حوكم دەكات و سەرقاڵییەكان ئەم بەشداربوونە پەك دەخەن.
ـ بەلامانەوە گرنگە كەناڵی كوردساتی بەڕێز وەڵامگۆی ئەم ڕەوتارەی پێشكەشكارەكە بن.
ـ ئەم هەڵوێستانە كە جگە لە لادان لە ئیتیكی ڕۆژنامەوانی، جێگەی هەڵوەستەی وەزارەتی پەروەردەن.
ـ دواجار خۆ هەر كوردسات بوو كە داوای كرد وەزیری پەروەردە یا وتەبێژی پەروەردە و یا كەسێكی دەستنیشانكراوی وەزارەتی پەرورەدە ئامادەی بەرنامەكە بێت، ئیتر دانانی كورسییەكی بەتاڵ جگە لەوە بە كەمزانینی قسە و داواكاری خودی كەناڵەكە و هەستنەكردن بە بەرپرسیاری "پێشكەشكەرەكە"، چی دیكەیە؟!
ـ سەرەڕای ئەمانەیش هەمان پێشكەشكەرەكە، چەند جارێك میوانەكانی بەرنامەكەی لە ئێمە گۆڕی و لە نێو بەرنامەكەیشدا ناڕاستگۆیانە قوتابی دكتۆرا بە دكتۆر هەژمار دەكات، بۆیە ئێستا دڵخۆشین كە لە بەرنامەیەكی وەهادا بەشداریمان نەكرد، چونكە ئەوە ئێمە نین هەوڵی چارەسەری گرفتەكان نەدەین و خۆمان بدزینەوە لە بەرنامە، لە كاتێكدا دیسانەوە دەیڵێینەوە كە مامۆستا (ئەحمەد گەل) بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتەكەمان دیاری كرا، بەداخەوە ئەوە ناڕۆژنامەوانی وەهان كە گرفت دەنێنەوە بۆ ئەوەی هەبن و پابەند نین بە داواكارییەكانتانەوە.
هیوادارین بەرپرسیارانە و دوور لە وروژاندنە عەوامییەكان، كەناڵە میدیاییەكان كار بكەن و وەزارەتی پەروەدەیش هەر وەك جاران و هەمیشە دەرگاكانمان بە ڕووی هەموو كەناڵە بیستراو و بینراو و نووسراوە میدیاییەكانەوە واڵایە و لە خزمەتیانداین.

 

وەزارەتی پەروەردە 
بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندن

دوایین بابەت