|
بە بۆنەی تێپەڕبوونی 50 ساڵ بەسەر دامەزراندنیدا.... ژووری بازرگانیی هەولێر میدالیای رێزلێنانی بەخشیە وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو
|
ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی بەڕێز عەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوو دارا جەلیل خەیات سەرۆكی ژووری بازرگانیی هەولێر و ئەندامانی ژوورەكە و ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی كوردستان- فراكسیۆنی كۆمەڵ و بەڕێوەبەرانی گشتیی وەزارەت، لە ژووری بازرگانیی هەولێرو بەبۆنەی تێپەڕبوونی 50 ساڵ بەسەر دامەرزاندنی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر، لە رێوڕەسمێكدا رێز لە وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو گیرا، سەرەتای رێوڕەسمەكە بە وتەیەكی دارا جەلیل دەستی پێكرد كە تێیدا وێڕای بەخێرهێنانی میوانان رۆڵی وەزیرو كارمەندانی وەزارەتی لە پێشخستنی كەرتی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستان بەرزنرخاند و ئاماژەی بەوەشكرد كە ئەمڕۆ ئەم خەڵاتە رەمزییە پێشكەش بە جەنابی وەزیر دەكرێت وەك رێزێك بۆ چالاكیی بەردەوامی و ڕۆڵی بەرچاوی لە پاڵپشتكردنی لە بووژاندنەوەی ژێرخانی ئابووریی كوردستان كە كشتوكاڵیش بنەمایەكی گرنگی ئەم ژێرخانەیە، روونیشی كردەوە كە لە مانگی تشرینی یەكەمی ئەم ساڵدا كۆنفرانسێكی سەرتاسەری سەبارەت بە چۆنێتیی پێشخستنی كشتوكاڵ سازدەكرێت، ئامادەیی ژووری بازرگانیی هەولێریشی بۆ پشتیوانیكردن لە پرۆسەی كشتوكاڵ دووپات كردەوە، دواتر بە ئامادەبوونی میوانان میدالیای زێڕینی رێزلێنان بەخشرایە وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، لە وتەیەكی بەدواداچووندا عەبدولستار مەجید سوپاسی سەرۆك و ئەندامانی ژووری بازرگانیی هەولێری كردو روونی كردەوە كە ئەو خەڵاتە تەنیا بۆ من نییە، بەڵكو خەڵاتە بۆ رۆڵی سەرجەم خەمخۆران و كادیرانی كشتوكاڵ، دواتر باسێكی كورتی سەبارەت بە هەنگاوو پلانەكانی وەزارەت خستەڕوو، بە تایبەتیش ئامانجی سەرەكیی كە بریتییە لە گەیشتن بە دابینكردنی ئاسایشی خۆراك و ئاو، ئەویش بە چەند قۆناغێك لەوانە بە خوددابینكاری و دۆزینەوەی بازاڕ بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمی خۆماڵی، سەبارەت بە بواری ئاودێریش ئاماژەی بەوە كرد كە لەم ساڵدا سێ بەنداو كراونەتەوەو بەم زووانەش بەنداوێكی دیكە دەكرێتەوە، وێڕای 20 بەنداوی دیكە كە لە دیزایین یان تەواوبووندان، بەڵام لەبەر قەیرانی دارایی دواخراون، ئەمە سەرباری 98 پۆندیش كە تەواوكراون، سەبارەت بە پشتیوانیكردن لە كەرتی كشتوكاڵ داوای لە سەرۆكایەتیی حكومەتی هەرێم و پەرلەمانی كوردستان و بازرگان و بزنسمانان كرد كە هەوڵی جیددی بخەنە گەڕ بۆ زیاتر پاڵپشتیكردنی سێكتەری كشتوكاڵ و جێبەجێكردنی سیاسەتی كشتوكاڵی، جەختیشی كردەوە كە وەزارەت لەسەر سیاسەتی پشتیوانیكردن و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ بەردەوام دەبێت،داواشی لە جووتیاران و بازرگانان كرد كە بایەخ بە كوالیتی بەرهەمەكان بدەن تاكو كێبڕكێ لەگەڵ بازاڕەكانی وڵاتاندا بكەن، دواتر دەرگای گفتوگۆ كرایەوەو چەندین بابەت و پرسی كشتوكاڵی خرانە بەر باس و ئاماژەش بەو یاسایانە كرا كە رێگرن لە بەردەم زیاتر بووژاندنەوەی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستان و داواكرا كە هەمواربكرێنەوە بۆ خزمەتی جووتیاران و بەرژەوەندیی گشتی هاووڵاتیان، هاوكات هەماهەنگی و هاوكاریی نێوان وەزارەت و ژووری بازرگانی و دەستەی وەبەرهێنان بە پێویست زانرا بۆ كارئاسانی لەپێناو دابینكردنی زەوی بۆ دامەزراندنی كارگەی پیشەسازی كە پشت بە بەرهەمی خۆماڵیی كشتوكاڵی دەبەستێت. شايانی باسە هەر بەم بۆنەیەوە ژووری بازرگانیی هەولێر پێشتر رێزی لە قونسڵی كەنەدا لە هەولێر گرتبوو، بە نیازیشە لەم ماوەیەدا رێز لە زۆر بەرپرس و چالاكوانانی بواری بازرگانیی و ئابووری بگرێت.
|
نوسراوه له بهروارى 10/08/2016
ئهم لاپهڕهيه 907 جار بينراوه
- ئهم لاپهڕهيه چاپ بكه

|
|
|
|
|
|
|