كه‌ش و هه‌وا    كوردى    عربي    04 / 10 / 2020 11:00 AM
بە قەناعەت و هەوڵی هەمەلایەنە كشتوكاڵ دەتوانێت ببێتە ئەلتەرناتیڤی پتڕۆل وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بەشداریی پانێڵی كۆلیژی ئیشق دەكات

بەڕێز عەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بەشداریی لە پانێڵێكی فراواندا كرد كە لە كۆلیژی ئیشق سازكرا، پانێڵەكە لەژێر ناونیشانی( ئەلتەرناتیڤەكانی پتڕۆڵ بۆ گەشەسەندنی ئابووریی هەرێمی كوردستان لە كەرتەكانی: گەشتوگوزارو كشتوكاڵ و پیشەسازی) بە هاوبەشیی( بەشی یاسای كۆلیژی ئیشق و تۆڕی هەماهەنگیی رێكخراوەكان ) ئەنجامدرا، لە پانێڵكە جگە لە وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، هەر یەكە لە خاتوو نەورۆز مەولود وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزارو دكتۆر ئیدریس هادی سەرۆكی دەستەی ئەمیندارانی كۆلیژی ئیشق وەزیری پێشووی پیشەسازی و ژمارەیەكی دیكەی پسپۆڕانی یاساو وەبەرهێنان و مامۆستایانی كۆلیژی ئیشق بەشدارییان تێدا كرد، لە میانی پانێڵەكەدا بەڕێز عەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بەتێروتەسەلی باسی لە سێكتەری كشتوكاڵ كرد كە بنەمایەكی گرنگی ئابووریی كوردستانە، لەم بارەوە ئاماژەی بە مێژووی كشتوكاڵ لە جیهاندا كردو دووپاتی كردەوە كە بەر لە بەرپابوونی شۆڕشی پیشەسازی، شۆڕشی كشتوكاڵ هەڵگیرسابوو، بۆیە دەبینین كە زۆربەی پیشەسازییەكانی خۆراك پشت بە بەرهەمە كشتوكاڵییەكان دەبەستێت، هاوكات جەختی لەوە كردەوە كە كشتوكاڵ رۆڵی سەرەكیی هەیە لە دابینكردنی ئاسایشی خۆراك، ئاماژەی بە خاڵێكی گرنگ دا ئەویش هەبوونی قەناعەت و هەوڵدانە لای هەموو كایەكانی دەسەڵات و یاسا بەوەی كە كشتوكاڵ پێویستە بایەخی پێ بدرێت و بكرێتە سێكتەری سەرەكیی داهات و بووژاندنەوەی ئابووری، دواتر كورتەباسێكی دەربارەی ئەو قۆناغانە كرد كە كاریگەرییان هەبووە بۆ سەر تێكدان و لاوازبوونی ئەو كەرتە گرنگە هەر لە بەرنامەو سیاسەتەكانی رژێمی بەعس و راگواستن و كاولكردنی گوندەكان و لەسەردەمی راپەڕین و ساڵانی دواتریش بە هۆی دامەزراندن لە حكومەت و كۆچی گوندنشینەكان بۆ شارو كەمیی بودجە و ئەو قەیرانە داراییەی كە بەرۆكی كوردستانی گرتۆتەوە ئەم سێكتەرە نەیتوانیوە بە شێوەیەكی زانستی و كردارەكی ئەركی خۆی لە پێشخستنی دۆخی ئابووریی بهێنێتەدی، هەروەها ئاماژەشی بە پڕۆژەو بەرنامەكانی وەزارەت كرد كە ئەگەر بهێنرێتەدی و بوودجەی پێویستیان بۆ دابینبكرێت، ئەو كاتە كشتوكاڵ دەتوانێت یەكێك بێت لە ئەلتەرناتیڤەكانی پتڕۆڵ بۆ گەشەسەندنی ئابووری، دواتر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن بە درێژیی رۆشنایی خستە سەر سەرجەم ئەو بابەتانەی كە لە پانێڵكەدا پێشكەشی كردوون، ئەمەو هەر یەك لە دكتۆر ئیدریس هادی و خاتوو نەورۆز مەولود باسیان لە سێكتەرەكانی شارەوانی و گەشتوگوزارو پیشەسازی كرد، هەروەها سەرۆكی تۆڕی هەماهەنگی رێكخراوەكان و سەرۆكی بەشی یاسا لە كۆلیژی ئیشق رۆشناییان خستەسەر لایەنە جیاجیاكانی ئەم پانێڵە، دواتر چەندين پرسیارو تێبینی و سەرنج لەسەر ناوەڕۆكی بابەتەكان لەلایەن ئامادەبووانەوە خرانەڕوو، شایانی باسە بەرپرس و نوێنەرانی حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و حكومەتی هەرێمی كوردستان و مامۆستاو شارەزاو پسپۆڕەكانی كشتوكاڵی و ئابووری و یاسایی و قوتابییەكی زۆر ئامادەی پانێڵكە بوون.

نوسراوه‌ له‌ به‌روارى 03/05/2017       ئه‌م لاپه‌ڕه‌يه‌ ‌ 542 جار بينراوه‌

-  ئه‌م لاپه‌ڕه‌يه‌ چاپ بكه‌  

ئێمه‌ له‌ فه‌يسبووك
ئێمه‌ بدۆزه‌وه‌
بۆ په‌يوه‌ندى
به‌داله‌: 6512 229 066 / 6513 229 066 / 6514 229 066
به‌شى په‌یوه‌ندییه‌كان: 1294 414 0750
به‌شى راگه‌یاندن: 9625 446 0750
ئيمێڵى وه‌زاره‌ت : info@krg-moawr.org
لينكى پێويست
مافى پارێزراوه‌ بۆ وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانى ئاو ----------------------- Designed by IT Department