|
لە دیداری زانكۆی سەلاحەدیندا.. عەبدولستار مەجید: پێویستە لە سیاسەتی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا كشتوكاڵ بە كەمتر لە سێكتەری نەوت سەیر نەكرێت
|
لە دووەم رۆژی دیداری زانكۆی سەلاحەدیندا كە سەنتەری ستراتیژی و زانستیی كۆلیژی یاساو زانستە رامییارییەكانی زانكۆی سەلاحەددین بە دروشمی( خوێندنەوەیەكی زانستی بۆ دۆزە سیاسی و ستراتیژییەكانی هەرێمی كوردستان- عێراق) لە ماوەی 4-5ی 2016، لە سەنتەری رۆشنبیریی زانكۆكە سازی كرد، بەڕێز عەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بەشداریی لە دانیشتنی ئەمڕۆدا كرد بە ناونیشانی( ئاسایشی ئابووریی هەرێمی كوردستان: دەرفەت و هەڕەشەكان) لە میانی قسەكردنیدا بەڕێزی ئاماژەی بە پلان و بەرنامەكانی وەزارەت كرد لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، لەم بارەوە هاتە سەر هۆكارەكانی بایەخ نەدان بە سێكتەری كشتوكاڵ لە تەمەنی كابینەكانی حكومەتی هەرێم و جەختیشی كردەوە لەسەر كەمیی ئەو بوودجەیە كە لە ساڵی 2013ەوە بۆ ئەم سێكتەرە تەرخانكراوە كە 1.8% ی بوودجەی هەرێمە كە پێویستە ستاندەری جیهانی 10% ی بودجە بێت و وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپاش هەرچەندە زیاتر پیشەسازین بەڵام 45%ی بودجەكەیان بۆ كشتوكاڵ تەرخانكردووە، دواتر هاتە سەر سیاسەتی رژێمی پێشووی عێراق لە كاولكردنی گوندەكان و راگواستنی دانیشتوانیان كە زۆربەیان جووتیاربوون و ئەمەش كاریگەریی راستەوخۆی نەرێنیی هەبوو بۆ سەر كشتوكاڵ، ئاماژەشی بە هەنگاوە ئیجابییەكانی وەزارەت كرد كە هاندەر و فاكتەرێكی بنەڕەتی بوو بۆ زیادكردنی داهات و بەرهەم، ئەویش پاراستنی بەرهەمی خۆماڵییە لە رێی دانانی رسومات لەسەر بەرهەمی هاوردە لە كاتی پێگەیشتنی بەرهەمی خۆماڵی، كە ئەمە هەم سوودی بۆ جووتیاران هەبوو لە رێی ساخكردنەوەی بەرهەمەكانیان، هەمیش چەند ملیار دیناری بۆ حكومەتی هەرێم وەك داهات دەستەبەركرد، هەر لە میانی دیدارەكەدا عەبدولستار مەجید لە رووی سەرچاوەكانی ئاودا ئاماژەی بەوە كرد كە لەئێستادا 24 بەنداو لە دیزایین و قۆناغی تەواوكردندان، بەڵام لەبەر قەیرانی دارایی وەستاون، دروستكردنی بەنداویش لە سەر ئەو رووبارانەی دەڕژێنە هەرێمی كوردستان لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە بە مەترسی لەقەڵەم دا، سەبارەت بە گرنگیی كشتوكاڵیش دووپاتی كردەوەو كە پێویستە لە سیاسەتی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا ئەم سێكتەرە بە كەمتر لە سێكتەری نەوت سەیر نەكرێت، ئەگەر لە ئەولەویاتی بنەمای ئابووریی هەرێمیش نەبێت، دواتر باسی لە چەندین خاڵ كرد كە فاكتەری گرنگن بۆ پێشخستنی كەرتی كشتوكاڵ، هەر لەم دیدارەدا بەڕێزان ئەبوبەكر عەلی ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و مامۆستا عەبدولرەحمان سدیق وەزیری پێشووتری ژینگەی عێراق، مامۆستایان كۆڤان شێروانی و رێبوار رەحیم عەبدوڵا و بارزان جەوهەر سادق لە كۆلیژی یاساو زانستە سیاسییەكانی زانكۆی سەڵاحەدین بەشداریان كرد كە پەیوەست بوون بە بواری ژینگەو وەبەرهێنان و رەهەندی سیاسی و ئابووری و ستراتیژیی نەوتی كوردستان، لە كۆتاییشدا گفتوگۆ و موداخەلە لە لایەن ئامادەبووانەوە ئەنجام درا، شایانی باسە كە دەیان پسپۆڕی سیاسی و سەربازی و زانستی و ئابووری و ئەكادیمی لە ماوەی ئەو دوو رۆژەی دیدارەكە بەشدارییان كرد.
|
نوسراوه له بهروارى 05/05/2016
ئهم لاپهڕهيه 824 جار بينراوه
- ئهم لاپهڕهيه چاپ بكه

|
|
|
|
|
|
|