وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم ڕایگەیاند: ئاو هەمیشە کارت و چەکێکی بەهێزە لە هەموو هاوکێشە سیاسییە نێودەوڵەتییەکان دا. هەرێمی کوردستانیش خواپێداوێکی گەورەیە لە زۆری سەرچاوەی ئاوی سەرزەوی و ژێر زەویشدا، پاراستنی ئەو سامانە نەتەوەیی و ژیانیە ئەرکێکی گشتییە بە تایبەتیش لەسەر شانی وەزیر و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو. لەو پێناوەشدا هەموو هەنگاوێك دەگیرینەبەر بۆ پاراستنی سامانی ئاوی وڵاتەکەمان. کە دروستکردنی هەرچی زیاتری بەنداو و دەریاچەی نوێ و گۆماو ستێلک (پۆند) لە دیارترین و سەرەکیترین هەنگاو و ئەرکەکانمان دەبێت. بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم ئەمڕۆ ٨ــ۹ــ۲۰۱۹ لەگەڵ بەرێوەبەری گشتی سەرچاوەكانی ئاو و بەرێوەبەرەكانی ئاوی ژێر زەویی و ئاودێری پارێزگاكانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان و راپەرین کۆبووەوە. كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بە یاسای پاراستنی سامانی ئاو و رەشنووسی هەمواری یاساكە و تەرخانكردنی دارایی پاڵپشتی كشتوكاڵی و گیروگرفتە داراییەكان. ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە، چەندین سەرنج و تێبینیان لەسەر پاراستنی سامانی ئاو خستەروو و گفتوگۆیان كرد لەسەر پاراستنی ئەو سامانە نیشتمانی و نەتەوەییە، لەگەڵ ئەو كێشە دارایانەی بۆیان دروست بووە. لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆكرا لەسەر هەڵكەندنی بیر بەشێوەی نایاسایی و گرتنەبەری رێكاری یاسایی پێویست بۆ رێگری لەو کارە نایاساییە. پاشان وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ئاماژەی بەوەكرد، كە سوود لەپێشنیارەكان وەردەگیرێت بۆ دەوڵەمەندكردنی هەمواری یاسای پاراستنی سامانی ئاو و لەرێگەی ئەنجوومەنی وەزیران رەشنووسەكە دەنێرنە پەرلەمان بۆ پەسندكردنی. روونیشكردەوە، بەپێی سەرجەم توێژینەوەكان ئاستی ئاوی ژێر زەوی دابەزیووە، بۆیە هەموو رێگایەك دەگرنە بەر بۆ پاراستنی سامانی ئاو، چونكە ئەمانەتێكە لەئەستۆمان. وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو باسی لەوەشكرد، بایەخی زیاتر دەدەن بە دروستكردنی بەنداو پۆند بەپێی بودجەی تەرخانكراو.
- ئهم لاپهڕهيه چاپ بكه
چەند بڕیارێك لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو
ئاگاداریەك لە راگەیاندنی وەزارتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو
راگەیاندراوێك لە وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو
هۆڵەندا هاوكاری هەرێمی كوردستان دەكات لەبەرەوپێشبردنی كەرتی كشتوكاڵی